حەمكۆ باسی كارەبا دەكات

دەرهێنەر تەنیا كەریم رایگەیاند سەرقاڵی كاركردنە لە شانۆگەرییەك كە باسی كێشەی كارەبای گەڕەكێكی هەژارنشینی شاری هەولێر دەكات و ئەكتەری كۆمیدی، حەمكۆ رۆڵی تێدا دەبینێ.

تەنیا كەریم بە (رووداو)ی گوت "چاوەڕێی هاتنەوەی هونەرمەندی كۆمیدی حەمكۆ دەكەم بۆ ئەوەی دەست بە پرۆڤە بكەین".

گوتیشی "شانۆگەرییەكە ناوی (سركتی كارەبا)یە، شانۆییەكی كۆمیدییە و باس لە گەڕەكێكی هەژارنشین دەكات كە سەرباری كێشەی كارەبا چەندین گرفتی كۆمەڵایەتی و سیاسییان هەیە".

 حەمكۆ كە ساڵانێكە لە بەریتانیا دەژی، لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە كە بە نیازە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و پلانی داناوە بەشداری لە چەند كارێكی هونەری بكات.