ژیانی سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا دەکرێتە فیلم


رووداو- ئاژانسەکان
 
ژیانی ونستن چێرچل، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا دەکرێتە فیلمێکی سینەمایی و لە هۆڵەکانی سینەما لە بەریتانیا نمایش دەکرێت.


فیلمی چێرچل، فیلمێكێ بایۆگرافییەو باس لە شەڕی جیهانی دووەم و ژیانی چێرچل لەو سەردەمەدا دەکات، کە چەندین ئەکتەری ناودار تێیدا بەشدارن.

چێرچڵ لەنێو جیهانی سیاسییەکان بەوە  ناسراوە، کە لە شەڕی جیهانی دووەمدا هەوڵێكی زۆری بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان  و راوەستانی شەڕداوە، چونکە ئەو پێیوابووە شەڕ هەمیشە ماڵوێرانی و پەشیمانی بەدواوەیە.

جوناسان تبليتزكی کاری دەرهێنانی بۆ ئەم فیلمە کردووە، کە بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار بووە، هەروەها جۆن سلاتێری، براین کوکس و مێراندا ریچاردسۆن رۆڵی سەرەکی لەنێو فیلمەکەدا دەبینن.

ونستن چێرچل، لەساڵی 1874 لە دایکبووەو لە ساڵی 1965 لە لەندەن کۆچی دواییکردووە، لە ساڵی 1940 تاوەکو ساڵی 1945 سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بووە،هەروەها  چێرچل نووسەر و هونەرمەندێكی دەستڕەنگین بووە، هەربۆیە خەڵاتی نۆبلی بۆ ئەدەب وەرگرتووە
  
فیلمی چێرچل ئێستا لە هۆڵی سینەماکانی ئەمریکاو بەریتانیا نمایش دەکرێت، کە بوودجەکەی 10 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار داهاتی تەنیا لە ئەمریکا هەبووە، بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوو لە سینەماکانی وڵاتانی عەرەبیش نمایش بکرێتەوە.