ئەکتەرانی هۆلیوود هەڕەشەی مانگرتن دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەگەری هەیە ئەکتەرانی هۆلیوود مانگرتن رابگەیێنن و دەنگیان بخەنە پاڵ سیناریۆنووسەکان کە لە دژی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و کەمی کرێی کارکردنن و بەهۆیەوە مانیان گرتووە و مانگرتنەکەیان بەردەوامە.
بە مانگرتنی هەردوو سەندیکای سیناریۆنووسانی ئەمریکا و سەندیکای ئەکتەرانی ئەمریکا، دەبێتە یەکەم مانگرتنی دوو سەندیکا لە یەک پیشەسازیدا لە ماوەی شەش دەیەی رابردوودا.
ئەکتەرەکانی هۆلیوود لەگەڵ کۆتاییهاتنی گریبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، داوای راگرتنی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و کەمی کرێی کارکردنیان دەکەن و ئەگەر بە دەم داواکانیانەوە نەچن، مانگرتن رادەگەیێنن.
مانگرتنی هەردوو سەندیکاکە، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەمی سینەمایی و تەلەفزیۆنی دەبێت.
لە ئەکتەرە دیارەکانی ناویان لە لیستی ئەکتەرە ناڕازییەکاندا تۆمارکردووە و هەڕەشەی مانگرتن دەکەن، هەریەک لە مێریل ستریپ، جێنیفر لۆڕێنس و بۆب ئۆدنکیرکە.
سەندیکای ئەکتەرانی ئەمریکا، 160 هەزار ئەندامی هەیە، جگە لە ئەکتەری فیلم و تەلەڤزیۆن، بێژەر، پێشکێشکار و رۆژنامەڤانانیش تێیدا ئەندامن، بەڵام مانگرتن تەنیا ئەو ئەکتەرانە دەگرێتەوە کە کار بۆ بەرنامە تەلەفزیۆنی و فیلمەکان دەکەن.
دوایین جار ئەکتەرانی سینەما و تەلەفزیۆنی لە 1980 بۆ ماوەی سێ مانگ مانیان گرت، هەرچەندە لەو کاتەوە ئەکتەرانی بواری ریکلام دوو جار مانیان گرتووە.
ئێستا 11 هەزار و 500 ئەندامی سەندیکای نووسەرانی ئەمریکا نزیکەی دوو مانگە مانیان گرتووە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی چەند بەرهەمێک دواخراون.
مەترسییەکی گەورەی سەر نووسەران لە ئەمریکا رۆبۆتی 'ChatGPT'یە؛ هەندێک لە نووسەرەکانی نێتفلیکس و دیزنی دانیان بەوەدا ناوە، دەکرێت رۆبۆتەکە بتوانێت چیرۆکی سەرەتایی بنووسێت، کۆمپانیاکانیش تەنیا بۆ پێداچوونەوە سوود لە توانای نووسەرەکان وەربگرن.