جێنێفەر ئانستن دەچێتە نێو بیرەوەرییەکانی جێنێت مەککوردییەوە


رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی ئەپڵ تیڤی پڵەس رایگەیاند، بیرەوەرییەکانی جێنێت مەککوردی، ئەکتەری ئەمریکی کە پێشوازییەکی بەرچاوی لێکراوە، دەکرێتە زنجیرە درامایەک و جێنیفەر ئانستن، ئەکتەری ئەمریکی، رۆڵی دایکی مەککوردی دەگێڕێت.
 
بیروەرییە پڕفرۆشەکە بەشێوەی کتێبی کاغەزی و ئەلیکترۆنی بەناونیشانی "خۆشحاڵم بە مردنی دایکم" چاپ و بڵاوکراوەتەوە، بڕیارە لە زنجیرەیەکی 10 ئەڵقەی درامایی-کۆمیدی بەرهەمبێت، جێنێت مەککوردی و ئاری کاچەرە سیناریۆکەیان ئامادەکردووە و بەرهەمهێنەری جێبەجێکارن، ئانستن جگە لە نواندن؛ لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارە.
 
چیرۆکی زنجیرەکە باس لە پەیوەندییەکی پشتبەیەکبەستووی ناتەندروست دەکات لەنێوان ئەکتەرێکی گەنجی بەشدار لە بەرنامەیەکی بەناوبانگی منداڵان و دایکە خۆپەرستەکەیدا. تاوەکو ئێستا هیچ ئەکتەرێک بۆ رۆڵی کچە ئەستێرەکە دیاری نەکراوە، بەڵام ئەپڵ ئاماژەی بەوەداوە، کارکتەری سەرەکی تەمەنی 18 ساڵ دەبێت.
 
مەککوردی لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە دەستی بە کاری نواندن کردووە و لە رێگەی زنجیرەی "iCarly" ناوبانگی دەرکرد، دواتر لە زنجیرەی "Sam & Cat" لەبەرامبەر ئاریانا گراندێ رۆڵی گێڕا. 
 
لە بیرەوەرییەکانیدا باس لەوە دەکات لە منداڵییدا "لە رووی سۆزداری، دەروونی و جەستەیییەوە لەلایەن دایکییەوە ئازار دراوە".
 
کتێبە پڕفرۆشەکەی مەککوردی لە ئابی 2022 بڵاوکرایەوە، لە بەشێکیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دوای چەندین ساڵ لە وەرگرتنی چارەسەری دەروونی، زۆر گرنگ بووە بۆ ئەوەی بتوانێت بە تەواوی رووبەڕووی مردنی دایکی ببێتەوە کە لە 2013 بەهۆی شێرپەنجەوە کۆچی دواییکرد. 
 
کتێبەکە بە وردی باسی لەو سەختییانە دەکات کە لەکاتی بەڕێوەبردنی ناوبانگییەکەیدا رووبەڕووی بووەتەوە، هاوکات نەخۆشیی دایکی.
 
بەشداریکردنی ئانستن لەم پڕۆژەیەدا دوای هاوکارییە سەرکەوتووەکەی دێت لەگەڵ "ئەپڵ تیڤی پڵەس" لە زنجیرەی "The Morning Show"، تێیدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و یەکێکە لە بەرهەمهێنەرە جێبەجێکارەکانی. بڕیارە وەرزی چوارەمی ئەو زنجیرەیە لە 17ـی ئەیلوول 2025 بڵاوبکرێتەوە.