دوو هونەرمەندی فەڵەستینی لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا لە غەززە کوژران


رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر قاوەخانەیەک لە کەنار دەریای غەززە، دوو هونەرمەندی فەڵەستینی کوژران.
 
شێوەکار ئامینە سالمی (36 ساڵ) و دەرهێنەر و فۆتۆگرافەر ئیسماعیل ئەبو حەتەب (32 ساڵ)، لە ئەنجامی بۆردمانەکە کوژراون و ئەو دوو هونەرمەندە لەنێو لانیکەم 30 کەسدا بوون کە لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستدا.
 
قاوەخانەکە لە ماوەی جەنگدا ببووە شوێنی کۆبوونەوەی رۆژنامەنووسان و هونەرمەندان، چونکە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و بارگاویکردنەوەی تێدا بەردەست بوو.
 
دوایین کاری هونەریی ئامینە سالمی، 10 رۆژ پێش کوژرانی بڵاوی کردبووەوە، تابلۆیەک بوو کە وێنەی سێ ژنی کوژراوی پێشاندەدا و جەستەیان بە خوێن داپۆشرابوو. 
 
رەفیق سالمی، برا بچووکی ئامینە لە بەلجیکاوە بۆ رۆژنامەی "The Art Newspaper"ـی راگەیاند، نزیکەی کاژێرێک بەر لە کوشتنی خوشکەکەی؛ لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵی و بۆی نووسیوە: "رەنگە ژیان سەخت بێت، کاتێک بە تەنیای، دەمانخاتە دۆخێک کە هەست بە رادەی لاوازیمان بکەین و چەندە هێز لە ئازیزانمان وەردەگرین".
 
بۆردوومانەکە رۆژی دووشەممە 30ـی حوزەیرانی 2025 روویداوە و دوای کوژرانی، هاوڕێکانی وێنەی تەرمە خوێناوییەکەیان لە تەنیشت تابلۆکەوە بڵاوکردەوە، کە لێکچوونێک لە نێوان تەرمەکەی و کارە هونەرییەکەیدا بەدی دەکرا.