یاس خزر لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
یاس خزر، هونەرمەندی عێراقی، لە دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی و چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە لە بەغدا، شەوی رابردوو 1ـی ئەیلوولی 2023، لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
عەهد یاس خزر، کوڕی ئەو هونەرمەندە عێراقییە، هەواڵی کۆچی دوایی باوکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە.
ئەوانەی هەواداری ئەو گۆرانیبێژەن، بە گۆرانییەکانی 'تایبین'، 'مەرێنا بیکم حەمەد' و 'وەلو تزعەل' دەیناسنەوە کە بەهۆیانەوە؛ ناوبانگی زۆری بەدەستهێناوە.
یاس خزر، لە 1938 لە نەجەفی عێراق لە دایکبووە، دەستپێکی کاری هونەریی بۆ شەستەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە و لەرێگەی گۆرانیی 'هەدەل' ناوبانگی پەیداکردبوو.
ئەو هونەرمەندە لەگەڵ ژمارەیەک ئاوازدانەر کاری کردووە، لەوانە زامل سەعید فەتاح، تالیب قرە غولی و نامق ئەدیب و لە رێگەیانەوە بەناوبانگترین گۆرانییەکانی بەرهەمهێناوە.
لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا؛ چەندین جار هەواڵی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام چەند جارێک یاس خزر بە روونکردنەوەی نووسراو و ڤیدیۆیی هەواڵەکەی رەتدەکردەوە.
یاس خزر، هەودارێکی زۆری لە باشووری کوردستانیش هەیە و لەم چەند ساڵەی دواییدا، چەندین جار لە شارەکانی کوردستان شەوەئاهەنگی بۆ سازکراوە.
ئەو هونەرمەند لە چەندین وڵاتان ئاهەنگی بۆ رەوەندی عەرەبی سازکردووە و چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی دەوڵەتی عێراق بۆ داهێنانی هونەری لە 1981 و 1988، خەڵاتی هەرەمی زێڕین لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی قاهیرە بۆ رادیۆ و تەلەڤزیۆن لە 1997 و خەڵاتی مۆرێکس دۆر لە لوبنان لە 2004.