رەوشان بەرهەمێکی 'پۆپ - رۆک' بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند رەوشان، نوێترین بەرهەمی بەشێوەی دەنگ بەناوی 'مالا تە ل کێرێ یە' بڵاودەکاتەوە کە ناوەڕۆکێکی ئەوینداری هەیە و بە شێوازی پۆپ رۆک و فۆنکە.
 
رەوشان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە لە تێکست و ئاوازی د. عەبدولڕەحمان حاجییە و خۆی لە نووسینی تێکستەکەیدا بەشداربووە، دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن هاکان گوربوز و میکس و ماسترینگی لەلایەن ئێمرە نیشانجی کراوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەم بەرهەمە لە کەناڵی تایبەتی رەوشان لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە، هەروەها لە پلاتفۆڕمی دیجیتاڵی سپۆتیفای و ئایتیونز بەردەستە. گوتیشی، گۆرانییەکە ناوەڕۆکێکی ئەوینداری هەیە و بە شێوازی میوزیکی پۆپ - رۆک و فۆنکە.
 
رەوشان، بەشێوەیەکی بەردەوام کۆنسێرت لە تورکیا و باکووری کوردستان سازدەکات و بڕیارە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، کۆنسێرتێک لە بورسای تورکیا بۆ هەوادارانی سازبکات.
 
رەوشان چەلیکەر، لە ناوچەی تەتوانی بێدلیسی باکووری کوردستان لەدایکبووە ولە ئیستەنبووڵی تورکیا دەژی وکاری هونەرییەکانی لەو شارە ئەنجام دەدات، لە دوای تەواوکردنی خوێندنی لە بواری دەروونناسیدا، لە بواری نواندن و ئامێری ڤایۆلین خوێندوویەتی، دوو ئەلبوومی گۆرانیی بەناوەکانی 'ئاخ لێ وەسێ' و 'تۆڤ' هەیە، جگە لە چەندین گۆرانی تاک و ڤیدیۆکلیپ و یەکێک لە دامەزرێنەر و ئەندامانی ئۆرکێسترای ئیستەنبووڵە.