دوو سەماکار بوونە پاڵەوانی پێشبڕکێی جیهانیی سەمای تانگۆ
رووداو دیجیتاڵ
لە پێشبڕکێی جیهانیی سەمای تانگۆ، دیێگۆ ئۆرتیگا و ئاڵدانا سیلڤەیرا، دوو هاوبەشی سەماکاری ئەرجەنتینی، توانیان نازناوی بەشی سالۆن بەدەستبهێنن و ببنە پاڵەوانی جیهان لەو جۆرە سەمایەدا.
لەو کێبڕکێیەدا کە لە بوێنس ئایرێس بەڕێوەچوو، سەماکاران لە زیاتر لە 50 وڵاتەوە بەشدارییان کردبوو، تێیدا هەردوو سەماکار لە دوو بەشی سەرەکی (سالۆن تانگۆ) و (ستەیج تانگۆ) تواناکانی خۆیان نمایشکرد.
قۆناخی پێش کۆتایی پێکهاتبوو لەو دوو سەماکارانەی کە نازناوی پاڵەوانێتییە ناوخۆییەکانیان لە سەرانسەری ئەرجەنتین و جیهان بەدەستهێنابوو، بەو هۆیەشەوە راستەوخۆ گەیشتبوونە ئەم قۆناخە پێشکەوتووەی کێبڕکێکە. پێشبڕکێی کۆتایی بەشی سالۆن لە 1ـی ئەیلوول لە شانۆی گران رێکس بە ئامادەبوونی سەتان هەوادارانی ئەو هونەرە بەڕێوەچوو.
پێشبڕکێیەکە بەشێکی سەرەکییە لە فیستیڤاڵی (تانگۆ ئەی بی) و پێشبڕکێی جیهانی سەماکە کە لە 20ـی ئاب دەستیپێکردووە و تا ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی ئەیلوول 2025 بەردەوام دەبێت.
چالاکییەکە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری ئەرجەنتینەوە رێکخراوە، زیاتر لە 500 چالاکی لە زیاتر لە 50 شوێنی جیاوازدا لەخۆدەگرێت، لەگەڵ بەشداریی زیاتر لە دوو هەزار هونەرمەند لە کۆنسێرت و سەمادا.
تانگۆ، سەمایەکی دێرینە و خاوەنی میراتێکی دەوڵەمەندە لە ئەرجەنتین و ئۆرۆگوای، لەلایەن یوونسکۆوە وەک میراتێکی جیهانی ناسێندراوە. ناوبانگەکەی بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە و کۆمەڵەکانی سەماکاران لە وڵاتانی دووریشدا وەک کازاخستان و ژاپۆن گەشەیان کردووە.