LS به‌راپ و پۆپ دڵی گەنجان خۆش دەكات

رووداو - سلێمانی

گرووپی LS كە گرووپێكی گەنجانە، بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ گۆرانی بەشێوەی هیپ هۆپ، راپ و پۆپ دەڵێن. ئەم گرووپە لە چوار گەنج پێكهاتووە (رەوا، دیلان، ئالان و سەرهەنگ) كە هاوتەمەنن و دەڵێن لە منداڵییەوە حەزیان لەو جۆرە هونەرە كردووە و گرنگییان پێداوە. ئەوان دەیانەوێت لەڕێی هونەرەكەیانەوە گەنجان دڵخۆش بكەن. رەوا جەمال بەناوی گرووپەكەوە قسەی بۆ (رووداو) كرد و باسی چۆنیەتی دروستبوونی ئەم گرووپەی كرد.

رووداو: LS مانای چییە؟

رەوا جەمال: LS كورتكراوەی (losing space)ە كە بەمانای ونكردنی بۆشایی دێت، بۆیە ئەو ناوەمان هەڵبژارد تاوەكو ئەو بۆشاییە نەهێڵین كە گەنجانی كوردستان هەستی پێدەكەن، تاوەكو خەڵكی تێبگەن لەو جۆرە هونەرەی كە ئێمە لە كوردستان كاری لەسەر دەكەین. بیرۆكەی دروستبوونی ئەم گرووپەش یەكەمجار حەزی خۆمان بوو، هەڵبەتە پێشتریش بیرمان لە دروستكردنی گرووپێكی لەو جۆرە كردبووەوە و دواتر بڕیاری دامەزراندنی ئەم گرووپەمان دا.

رووداو: ئەو كارەی ئێوە دەیكەن دەچێتە خانەی چ ستایلێكی میوزیكی؟

رەوا جەمال: ئێمە لەسەر ستایلی راپ، پۆپ و هیپ هۆپ كاردەكەین، ئێمە لە منداڵییەوە خوومان دابووە ئەو هونەرە و گوێمان لێدەگرت، ئەمەش بەهۆی تەلەفزیۆن و رادیۆ و ئینتەرنێت تا وای لێهات شارەزاییەكی تا رادەیەك باشمان پەیدا كرد، پاشان دەستمان بەو كارە كرد.

رووداو: بیستوومانە لە منداڵییەوە هاوڕێن؟

رەوا جەمال: بەڵێ ئێمە لە منداڵییەوە هاوڕێین و پەیوەندیمان لەگەڵ یەك زۆرباشە، وەكو براین و هەرواش دەمێنینەوە، پەیوەندیمان لەگەڵ خەڵك زۆرباشە و زۆریش دڵخۆشین، زۆر سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەین چونكە زۆر پشتگیریمان دەكەن.

رووداو: خاوەنی چەند بەرهەمن؟

رەوا جەمال: تا ئێستاش خاوەنی 6 ڤیدیۆ كلیپ و ئەلبوومێكین بەناوی (we try so herd ) كە لە ساڵی 2010 بەرهەممان هێنا. لە شاری سلێمانی یەكەم كۆنسێرتمان لە ساڵی 2008 سازكرد بە ناوی (ls started) ، لە شاری هەڵەبجەش ساڵی 2010 كۆنسێرتێكمان كرد.

رووداو: بۆ كارە هونەرییەكانتان كێ پشتگیریتان دەكات؟

رەوا جەمال: هەموو كارەكانی ستۆدیۆ خۆمان ئەنجامی دەدەین، خۆمان ستۆدیۆیەكی گەورەمان هەیە هەر بەناوی losing space، بەڵام موزیكمان لە ئەمریكاوە بۆ دێت. تاكو ئێستا هیچ پارەیەكمان لە بەرهەمەكانمان دەستنەكەوتووە، هەمووی لەسەر حسابی خۆمان كردوومانە و زۆرترین پارەشی تێچووە، چونكە تەنیا ئامانجی ئێمە گەیاندنی هونەرەكەیە بەشێوەیەكی جوان بۆ خەڵكی كوردستان.

رووداو: بۆچی تاوەكو ئێستا كۆنسێرتتان تەنیا لە شاری سلێمانی و هەڵەبجە سازداوە؟

رەوا جەمال: چونكە ئێمە زیاتر لە شاری سلێمانی ناسراوبووین بە حوكمی ئەوەی خۆمان لە سلێمانی دادەنیشین، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی لەلای خەڵكی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی تا رادەیەك ناسراوین، بۆیە لە پلاندا هەیە كە لە شارەكانی دیكەی كوردستانیش كۆنسێرت بكەین.

رووداو: لەبەرچی لە كلیپی گۆرانییەكانتان شتی گرانبەها پێشان دەدەن؟

رەوا جەمال: وایە ئێمە حەز دەكەین شتەكانی كە پێشانی دەدەین سەردەمیانە بن و سەرنجڕاكێش بن وەك ئۆتۆمبێل، هەر بۆیە شتی گرانبەها پێشان دەدەین بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵك رابكێشین، بێگومان ئەمانەش بۆ جوانتركردنی كلیپەكانمانە.

 رووداو: ئەم ستایلەی ئێوە تا چەند لەلای خەڵكی كوردستان قبووڵ كراوە؟

رەوا جەمال: ئەم ستایلەی ئێمە تارادەیەك ناسراو بوو، بەڵام ئێمە زیاتر ئاشنامان كرد و خەڵكیش بەتایبەت گەنجان پێشوازییەكی باشیان لێكرد، ئێمە لەڕێی كارەكانمانەوە زمان و جوانیی كوردستان و كورد نیشانی هەموو جیهان دەدەین، هێنانە كایەی شتە سەردەمییەكان بۆ گەنجان، دڵخۆشكردنی گەنجەكەنمان بەو هونەرەی پێشكەشی دەكەین.

رووداو: تاوەكو ئێستا كەس گلەیی لە كارەكەی ئێوە نەكردووە؟

رەوا جەمال: نەخێر زۆر بە پێچەوانەوە ئەوەی ئێمەی بینیوە دەستخۆشی لێكردووین و زیاتر هانیداوین كە بەردەوام بین لە كارەكەمان و بەرەو پێشی ببەین، بەڵام جاری وا هەیە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە نامەمان بۆ دێت كە رقی خۆیان پێشان دەدەن بەرامبەر ئێمە، نازانم لەبەرچی.

رووداو: دوا پرۆژەتان چییە؟ 

رەوا جەمال: سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ئەلبوومێكین بە ناوی "پێكەوەبوون" كە 14 بۆ 16 تراك لەخۆدەگرێ، سەرجەم تێكست و میلۆدییەكان لەلایەن خۆمانەوەیە و كاری تۆماركردنی لە دەرەوە بۆ كراوە و زۆربەی كارەكانی تەواو بووە.