گرووپی میوزیکی کچانی رانیە ڤیدیۆ کلیپێک تۆمار دەکەن
رووداو- هەولێر
گروپی میوزیکی کچانی رانیە، ڤیدیۆ کلیپیکی نوێ لە تورکیا و کوردستان تۆمار دەکەن، کە لە شەش گۆرانی پێکهاتووە، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بڵاوبکرێتەوە.
رەوشت حەسەن سەرپەرشتیاری گرووپی کچانی رانیە بە رووداوی راگەیاند " لەرووی هونەرییەوە ئەم ڤیدیۆکلیپە بەشێوازێكی پرۆفیشناڵ دروستکراوە، بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین باشترین و جوانترین کاری هونەری پێشکەش بە گوێگران و هەوادارانمان بکەن".
رەوشت ئاماژە بە ناوەڕۆکی گۆرانییەکە کردوو ، گوتی کە ئەو گەشتە گۆرانییە پێکهاتووە لە 6 گۆرانی کوردی، کاری دابەشکردن میوزیک لەلایەن هونەرمەند محەمەد یاسین کراوە، هاوکات کاری تۆمارکردنی دەنگیش زیرەک حەمەدەمین جێبەجێیکردووە، یوسف لەشکری کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە، هەروەها لە وڵاتی تورکیاش هەڤاڵ حەمەمەد کاری وێنەگرتنی کلیپەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
رەوشت گوتیشی "بەنیازن لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆنسێرتێک بۆ چاکسازی ژنان بکەن، ئەمەش وەک خزمەتێک بە بواری ئافرەتان لە کوردستان ئەنجامی دەدەین".
گرووپی میوزیکی کچانی رانیە لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە، کە تێیدا سێزدە کچی دەرچووی کۆلیژو پەیمانگەی هونەرەجوانەکان ئەندامی ئەم گرووپەن، لە چەندین کۆنسێرت و ئاهەنگدا گۆرانی و میوزیکی کوردییان پێشکەش کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن ڤیدیۆکلیپێکن بەناوی چوار گوڵ، ئەم ڤیدیۆکلیپەش دەبێتە دووەمین بەرهەمی هونەری گرووپی میوزیکی کچانی رانیە.