ئاریانا گراندی لە وەرزی 13ـی زنجیرەیەکی ترسناکدا رۆڵ دەگێڕێت


رووداو دیجیتاڵ

وەرزی 13ـی زنجیرەی ترسناکی (American Horror Story) لە قۆناخی بەرهەمهێناندایە و وا بڕیارە ئاریانا گراندی، بۆ یەکەمجار بەشداری تێدا بکات. 
 
بە گوێرەی پۆستێکی کۆمپانیای (Ryan Murphy Productions) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وەرزی نوێی زنجیرەکە لە 2026 لە کەناڵی (FX) پەخش بکرێت. 
 
ئاریانا گراندی، ئەکتەر و گۆرانیبێژی ناسراوی ئەمریکی، شانبەشانی ژمارەیەک لە ئەکتەرە دێرینەکانی زنجیرەکە رۆڵ دەگێڕێت، لەوانەش سارا پۆڵسن، ئێڤان پیتەرز و ئەنجێلا باسێت.
 
راگەیاندنەکە لە رێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کورتەوە بوو، تێیدا ناوی ئەکتەرەکان لەگەڵ گۆرانی (I’ll Be Seeing You)ـی ڤێرا لین خرانەڕوو.
 
یەکەمجارە ئاریانا گراندی بەشداری لە زنجیرەی (American Horror Story)ـدا دەکات، بەڵام پێشتر لە 2015 لە زنجیرەیەکی دیکەی رایان مێرفی بە ناوی (Scream Queens) دەرکەوتووە.
 
ئەگەر وەرزی نوێی زنجیرەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا لە تشرینی یەکەمی 2026 پەخش بکرێت، ئەوا سێ ساڵ بەسەر دەرچوونی دوایین وەرزی زنجیرەکەدا تێپەڕیوە. 
 
وەرزی 12ـی زنجیرەکە بە ناوی (Delicate) بوو و کیم کارداشیان رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕا، کە لە ئەیلوولی 2023 پەخشکرا و لە نیسانی 2024 کۆتایی هات.
 
زنجیرەی (American Horror Story) لەلایەن رایان مێرفی و براد فاڵچەکەوە دروست کراوە، یەکەم وەرزی لە 2011 بلاوکرایەوە. کۆمپانیای (20th Television) بەرهەمهێنەریەتی.