دوای 400 ساڵ ونبوون تابلۆیەکی پیتەر پۆڵ روبێنز فرۆشرا
رووداو دیجیتاڵ
تابلۆیەکی پیتەر پۆڵ روبێنز، هونەرمەندی بەنێوبانگی سەردەمی بارۆک، کە بۆ ماوەی زیاتر لە چوار سەدە ون بووبوو، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لە شاری ڤێرسای فەرەنسا بە 2.3 ملیۆن یۆرۆ (2.7 ملیۆن دۆلار) فرۆشرا.
تابلۆکە کە رۆژی یەکشەممە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا، وێنەی (لەخاچدانی مەسیح) نیشان دەدات و بەم دواییانە لە خانوویەکدا لە پاریس دۆزرایەوە.
سەرەتا وا بیردەکرایەوە کە تابلۆکە بەشێکە لە کۆکراوەیەکی فەرەنسی و لە یەکێک لە قوتابخانە هونەرییەکانی سەردەمی روبێنز کێشراوە نەوەک لەلایەن خودی هونەرمەندەکەوە، هەربۆیە نرخەکەی بە کەمتر لە 10 هەزار یۆرۆ (11 هەزار و 500 دۆلار) مەزەندە دەکرا.
جان پیێر ئۆسێنات، بەڕێوەبەری زیادکردنەکە رایگەیاند: "هەر لە سەرەتاوە هەستێکی تایبەتم بۆ ئەم تابلۆیە هەبوو، هەموو هەوڵێکم دا بۆ ئەوەی رەسەنایەتییەکەی پشتڕاست بکەمەوە".
ئۆسێنات گوتیشی: "دواجار توانیمان لە رێگەی (روبێنیانۆم)ـەوە کە لیژنەی تایبەتمەندی کارەکانی روبێنزە لە ئەنتوێرپ، رەسەنایەتی تابلۆکە پشتڕاست بکەینەوە".
ئێرک تورکین، شارەزای هونەری دەڵێت، تابلۆکە لە سەرەتای ساڵانی 1600ـەوە دیار نەماوە. زانراوە کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا موڵکی هونەرمەندی کلاسیکی فەرەنسی ویلیام بۆگێرۆ بووە، دواتر بە میرات بۆ ماڵباتەکەی ماوەتەوە.
خانەی زیادکردنی ئۆسێنات رایگەیاند، پشکنینە زانستییەکان و وردبینیی مایکرۆسکۆپی بۆ چینەکانی بۆیە، نەک تەنیا بوونی رەنگەکانی سپی، رەش و سووری لە ناوچەکانی پێستدا دەرخستووە، بەڵکو رەنگی شین و سەوزیشی تێدایە، کە ئەمەش تایبەتمەندییەکی هونەریی روبێنزە لە کێشانی پێستی مرۆڤدا.