تەرمی کچەکەی تۆمی لی جۆنز لە هۆتێلێکی سان فرانسیسکۆ دۆزرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

تەرمی ڤیکتۆریا جۆنز، ئەکتەر و کچی تۆمی لی جۆنز، ئەکتەری جیهانی، لەنێو ژوورێکی هۆتێلێکی لوکس لە شاری سان فرانسیسکۆ دۆزرایەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیسی سان فرانسیسکۆ، کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە -بە کاتی ئەمریکا-، ئاگادارکراونەتەوە لە رووداوێک لە هۆتێلی (فەیرمۆنت) کە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیە لە گەڕەکی نۆب هیڵ. دوای گەیشتنی پۆلیس و تیمە پزیشکییەکان، دەرکەوتووە کە ڤیکتۆریا جۆنزی تەمەن 34 ساڵ؛ گیانی لەدەستداوە.
 
پۆلیسی شارەکە لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی رایگەیاندووە، "مردنەکەی گوماناوی نییە،" بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پزیشکی دادوەری لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکردووە بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانەکەی.
 
ڤیکتۆریا کچی تۆمی لی جۆنز و کیمبەرلی کڵۆفلییە کە هاوژینی پێشووی ئەکتەرەکەیە.
 
ڤیکتۆریا جۆنز هاوشێوەی باوکی لە بواری نواندندا کاریکردووە و بەشداریی لە چەندین فیلم و زنجیرەی تەلەڤزیۆنیدا کردووە، لەوانەش فیلمەکانی (Men in Black II) و (The Three Burials of Melquiades Estrada)، هەروەها زنجیرەی ناسراوی (One Tree Hill).