جۆرج کلوونی وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: لە تشرینی دووەم دەستپێدەکەین
رووداو دیجیتاڵ
جۆرج کلوونی، ئەکتەری ئەمریکی، وەڵامێکی تووندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە، دوای ئەوەی ترەمپ بەهۆی وەرگرتنی رەگەزنامەی فەرەنسی هێرشی کردبووە سەر ئەو ئەکتەرە و ئەمەل کلوونیی هاوژینی.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی سەری ساڵدا لە هەژماری خۆی نووسیبووی: "هەواڵێکی خۆش! جۆرج و ئەمەل کلوونی کە دوو لە خراپترین پێشبینیکارە سیاسییەکانی هەموو سەردەمەکانن، بە فەرمی بوونە هاووڵاتیی فەرەنسا؛ وڵاتێک کە بەداخەوە ئێستا لەنێو قەیرانی تاواندایە بەهۆی مامەڵەی نادروستیان لەگەڵ پرسی کۆچبەران، رێک وەک ئەوەی لە سەردەمی جۆ بایدنی خەواڵوودا هەمانبوو".
ترەمپ لە پەیامەکەیدا گاڵتەی بە کارە هونەرییەکانی کلوونیش کردبوو و گوتبووی: "کلوونی زیاتر بۆ سیاسەت ریکلامی بۆ دەکرێت وەک لەو چەند فیلمە کەم و ئاست نزمەی هەیەتی. ئەو هەرگیز ئەستێرەی سینەما نەبووە، تەنیا پیاوێکی ئاسایی بوو کە بەردەوام سکاڵای لە عەقڵانییەت لە سیاسەتدا دەکرد".
جۆرج کلوونی لە لێدوانێکی کورتدا بۆ گۆڤاری (هۆڵیوود ریپۆرتەر) بە تەنزەوە وەڵامی ترەمپی دایەوە و گوتی: "من بە تەواوی لەگەڵ سەرۆکی ئێستا هاوڕام؛ دەبێت ئەمریکا جارێکی دیکە مەزن بکەینەوە، لە تشرینی دووەمیشەوە دەستپێدەکەین".
کلوونی لە سەرەتای ئەم مانگەدا رەگەزنامەی فەرەنسی وەرگرت و ئاماژەی بەوە کردبوو، یاساکانی پاراستنی ژیانی تایبەت لەو وڵاتەدا، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی بڕیار بدەن منداڵەکانیان لەوێ پەروەردە بکەن.
جگە لە کێشەکانی لەگەڵ ترەمپ، کلوونی کە بەم دواییانە لە شانۆگەرییەکدا رۆڵی (ئێدوارد مۆرۆ) رۆژنامەڤانی ناسراو گێڕاوە، نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخی میدیا لە ئەمریکا دەربڕی و گوتی: "من زۆر زیاتر نیگەرانم لەوەی چۆن زانیارییەکانمان پێدەگات و چۆن لە راستییەکان تێدەگەین؛ بەبێ هەبوونی چاپەمەنی و میدیایەکی کارا".