سامان و كامەران دانوویان پێكەوە ناكوڵێ
رووداو- هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ سامان عومەر دەڵێت بەنیاز نییە لەگەڵ كامەرانی برای پێكەوە گۆرانی بڵێن، چونكە ستایلی كاركردنیان لەگەڵ یەكدی زۆر جیاوازە.
سامان عومەر كە ئێستا لە فینلاند دەژی، لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) باسی پرۆژەكانی خۆی كرد و گوتی "سەرقاڵی بەرهەمهێنانی گۆرانییەكی نوێم و بەم نزیكانە بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپ بڵاوی دەكەمەوە، كاری كلیپەكەش لە كوردستان دەكەم.
هەر لەدوای بڵاوكردنەوەی ئەو گۆرانییە، سەرقاڵی ئامادەكردنی ئەلبوومێكی گۆرانی دەبم ".
سەبارەت بە دوێتكردن لەگەڵ كامەران عومەری برایدا، سامان بە دووری زانی پێكەوە دوێت بكەن و گوتی "هەرگیز لەگەڵ كامەرانی برام دوێت ناكەم، چونكە شێوازی گۆرانیگوتنی هەردووكمان زۆر جیاوازە، بۆیە ناكرێت دوێت پێكەوە بكەین".