کوڕەکەی ناسری رەزازی بەشداری لە فیلمێکی هۆڵیوود دەکات
رووداو- هەولێر
کاردۆ رەزازی، کوڕی هونەرمەندی ناوداری کورد، ناسری رەزازی لەگەڵ دەرهێنەرێکی ناوداری بەریتانی و خاوەنی ئۆسکار بەشداری لە فیلمێکی هۆڵیوود دەکات.
فیلمێکی هاوبەشی دانیمارکی و کەنەدی و ئەمریکی بەناوی backstabbing for beginners بەرهەمهاتووە، کە باسی گەندەڵیەکانی سەردەمی سەددام حوسێن دەکات و کوڕی هونەرمەندی ناوداری کورد ناسری رەزازی رۆڵی تێیدا دەبینێت.
ئەم فیلمە لە پاڵەوانییەتی ئەکتەرو دەرهێنەری ناوداری بەریتانی و خاوەنی ئۆسکار ،بەن کینگسلی "Ben Kingsley"یە، لەگەڵ ئەوەشدا کاردۆ ناسر رەزازی لەتەک ئەم ئەکتەرە ناودارە رۆڵی لە نێو فیلمەکەدا بینیوە.
چیرۆکی ئەم فیلمە باس لە گەندەڵییەکانی چەند ئەندامێکی لیژنەی نەوت بەرامبەر خۆراک دەکات، کە کاتی خۆی لەسەردەمی رژێمی سەددام لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەرپەرشتی دەکرا.
بەشێکی زۆر لە چیرۆکی ئەم فیلمە راستەقینەیەو لە پەرتووکێکی یەکێک لە ئەندامانی ئەم گرووپە وەرگیراوە، کە بەهەمان ناو بڵاوکراوەتەوەو لە نووسینی جۆش هاچێرسۆنە،"Josh Hutcherson"، باس لە بەهەدەردانی سامانی نەوت لەلایەن چەند کەسێکەوە دەکات.
لەم فیلمەدا لە رێگەی کچێکی کوردەوە باسی لە هەڵەبجەو ئەنفال و تاوانەکانی سەددام دژی بە کورد دەکات، بەڵام کاردۆ رەزازی رۆڵی کوڕێکی عەرەب لە فیلمەکەدا دەبینێت .
هاوکات چەندین ئەکتەری ناوداری ئەمریکی و کەنەدی و دانیمارکی و تورکی لەم فیلمەدا بەشداریان کردووە، رۆژی 18ی مانگی رابردوو بۆ یەکەمینجار ئەم فیلمە لە دانیمارک بەئامادەبوونی بەشێک لە ستافی فیلمەکە نمایشکرا.
کاردۆ ناسر رەزازی تاوەکو ئێستا بەشداری لە چەندین فیلم و شانۆگەریی بەزمانی سویدی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ئامادەکاری بۆ چەند چالاکییەکی هونەری دەکات.