هەڵکەوت زاهیر: نەمردووم
رووداو – هەولێر
شەوی رابردوو، بەشێکی زۆری لاپەڕەکانی فەیسبووک هەواڵی مردنی هەڵکەوت زاهیریان بڵاوکردەوە، بەڵام ئەو ئاوازدانەرە نەک نەمردووە، بەڵکو نەخۆشیش نییە و زۆربەی ئەو کۆمێنتانەشی خوێندووەتەوە کە لەسەر مردنی دراون.
هەڵکەوت زاهیر ئێستا لە شاری هەولێرەو جگە لە ژیانی تایبەتی خۆی، خەریکی بەرهەمهێنانی چەند گۆرانییەکی نیشتمانییە.
ئەو سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی مردنی، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت: "ئەوە نییە قسەت لەگەڵ دەکەم، ئەمانە کۆمەڵێک لاپەڕەن و دەیانەوێت خەڵک بۆ خۆیان رابکێشن، بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە لە ماوەیەکی کەم 3 تا 4 هەزار لایکیان بۆ هاتووە".
لە یەکێک لە لاپەڕەکانی فەیسبووک، کە ئەم هەواڵەی تێدا بڵاوکراوەتەوە، نووسراوە "ئەگەر هەڵکەوت زاهیر مردبێت، ئەوا پرسەی ژنان لە پیاوان زۆر قەڵەباختر دەبێت"، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەم ئاوازدانەرە زۆرترین کارە هونەرییەکانی بۆ ئافرەتان کردووە، ناوبراو لەو بارەیەوە بە پێکەنینەوە گوتی، "نەمردووم، ئەم هەواڵە راست نییە".
هەڵکەوت زاهیر، ئاوازدانەری کورد، خەڵکی شاری سلێمانییە و خاوەنی سەدان ئاوازی گۆرانییەو زۆرینەیان لە لایەن خانمە هونەرمەندە کورد و عەرەبەکان گوتراون.