ئەیوب عەلی بە گۆرانی هەڵوێستی خۆی بۆ نیشتیمان نیشان دەدات

رووداو – ھەولێر

لە نوێترین پڕۆژەی ھونەرییدا، ھونەرمەند ئەیوب عەلی کۆتایی بە چەند بەرھەمێک هێناوە و دەشڵێ "ھۆکار ھەن بۆ دواکەوتنی بەرھەمەکانم" و باسی ئەوەشدەکات کە کێشەی لە دەنگەژێکانی هەیە.


لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی میدیای رووداو، ئەیوب عەلی  دەڵێ :"کارم بۆ چەند بەرھەمێکی ھونەری کردووە، بەرھەمی یەکەم بەناوی کوردم کە ئاواز و میوزیکی خۆم دامناوە، بە ھاوکاری گیتارژەن و بەرھەمھێنەری ئینگلیزی دەیڤ مەکەیب و بێن ساندەرس، جانەر شاھین بە ئامێری ساز" دەشڵێ " تێکستییش بەرهەمەکە بەشی سۆرانییەکەی خۆم نوسیوومە و بەشی کورمانجیش مامۆستا ئەدیب چەلکی نووسیویەتی، لەم بەرھەمە  ھونەرمەند گارە سازگار بەشدارە و بە دەنگی ھەردووکمان، تۆماردەکرێت".

سەبارەت بە دواکەوتنی بەرھەمەکەی ئەیوب عەلی، دەڵێت:" ئێستا میوزیک و دەنگی ھونەرمەند گارە تۆمار و ئامادەیە، بەڵام بەداخەوە لەبەر خراپی باری تەندروستی خۆم، کە چەند مانگێکە کێشەم ھەیە لە ژێکانی دەنگمدا و ناتوانم گۆرانی بڵێم، بۆیە ئەم بەرھەمە بۆ کاتێکی دیکە دواکەوتووە، بە ھیوام باشبم و بتوانم بەزووترین کات ئەم بەرھەمە کلیپ بکەین و بڵاوی بکەینەوە، چونکە بەرھەمەکە بۆ کوردستان و خۆڕاگری و خەباتی گەلی کوردە".

ئەیوب عەلی دەشڵێت:" ئەم بەرھەمە بە سپۆنسەری کۆڕەک تلیکۆمە، سوپاسی تۆفیق شێخانیشی کرد کە لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی ھەماھەنگ بوون بۆ واژووکردنی کۆنتراکتی سپۆنسەری ئەم بەرھەمە".

سەبارەت بە بەرھەمی دووەمی ئەیوب عەلی باسی ناوەڕۆکەکەی بۆ رووداو دەکات و دەڵێت:" بەرھەمی دووەمیش باس لە خۆڕاگری و کۆڵنەدانی گەلی کورد دەکات، لە ئاواز و میوزیکی ھونەرمەند بڕیار ڕەشید-ە، شاعيرى بەتوانا بەرزان ھەستیار، تێکستێکی ئێجگار بەپێزی بۆ نوسیووە، بەڵام دیسانەوە بە ھۆی باشنەبوونی تەندروستیم نەمتوانیووە تۆماریبکەم".

ئەیوب عەلی لە ماوەی بێدەنگ بوونی چەندین چالاکی ھونەری جۆراوجۆری ئەنجامداوە یەکێک لەو کارانە کە شانازی پێوەدەکات، بەرھەمێکی تایبەتە بۆ شنگال کە لە لایەن میوزیکژەنی کورد دڵشاد سەعید-ە و تێکستی شاعیری کورد ئەدیب چەلکی-ە، جگە لەوەش چەندین ھونەرمەندی دیکەی کورد تێدا بەشدارن، ئەم بەرھەمە جیاواز لە بەرھەمەکانی دیکەی کاری دەنگی کۆتایی پێھاتووە، بەڵام کاتی بڵاوکردنەوەی تاوەکو ئێستا دیار نییە.

ئەیوب لە کۆتاییدا گوتی:" ھیوادارم تەندروستیم باشببێت و بتوانم بە زووترین کات ئەو دوو بەرھەمەی کە باسمکرد تۆماربکەم و بڵاویان بکەمەوە، تاوەکو خزمەت و پشتگیری و دڵسۆزی خۆم دەرببڕم بۆ خاک و گەلی ووڵاتەکەم".