ئەحمەد رۆناک بەرهەمێکی نوێ لە جەژندا بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند ئەحمەد رۆناک، بەرهەمێکی نوێی بۆ بڵاوکردنەوە ئامادەیە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەبۆنەی جەژنی رەمەزان بڵاوی بکاتەوە.
ئەحمەد رۆناک، بە رووداوی راگەیاند، بەرهەمی نوێی بەناوی "ناهێڵم"ـە و وەکو جەژنانە؛ لە جەژنی رەمەزاندا پێشکێش بە هۆگرانی گۆرانیی کوردی دەکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "ناهێڵم" لە تێکستی بازۆیە و لە ئاوازی خۆیەتی و ناوەڕۆکێکی سۆزداری هەیە.
گوتیشی، ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لەلایەن بازۆ پڕۆدەکشن کراوە و لە دەرهێنانی نەریمان سابیرە و لە سلێمانی وێنەگیراوە.
ئەحمەد رووناک لە 2022 دوایین ڤیدیۆکلیپی بڵاوکردەوە کە سێ گۆرانی لەخۆگرتبوو، یەکەمیان بەناوی "توڕە مەبە"، دووەمیان بەناوی "خۆزگەم بە پار" و سێیەمیان بەناوی "گەلەکە"یە.
ئەحمەد رووناک لەدایکبووی هەولێرە، یەکەم بەرهەمی بەناوی "خۆت دڵت داپێم" لە 2005 بڵاوکردەوە، دواتر دوو بەرهەمی دیکەی بەناوی "تو نزانی" و "بێ تۆیی" بڵاوکردەوە.
لە 2011 بەرهەمێکی بەناوی "دوا گۆرانی" بڵاوکردەوە کە ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی چیتر گۆرانی نەڵێتەوە، لە 2021 دووبارە بۆ خۆشەویستی رۆناکی دایکی بەرهەمێکی بەناوی "بۆ دایکم" بڵاوکردەوە.