هانی کلیپێکی گۆرانی نوێ بڵاودەکاتەوە

رووداو – هەولێر

خانمە هونەرمەندی کورد هانی، نوێترین کلیپی گۆرانی خۆی بەناوی "میراج" بڵاودەکاتەوە، هانی دەڵێت، میراج بەناوی "سەراب" دێت و رەنگدانەوەی ئەو پارادۆکسانەیە کە لە سەردمی منداڵی مرۆڤی مۆدێرن دەستپێدەکات و شەڕێکی بێ کۆتایی لە دەرونیدا بەدوای خۆیدا دەهێنێتە نێو ژیانی.

هانی لە بارەی گۆرانییەکە دەڵێت، "ناوه‌رۆكی ئه‌م گۆرانیه‌ی من ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و پارادۆكسانه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می منداڵی مروڤی مۆدێرن ده‌ست پێده‌كات و شه‌ڕێكی ئه‌به‌دی بێ كۆتایی له‌ ده‌روونیدا به‌دوای خۆی ئه‌هێنێته‌ نێو ژیانی، ئه‌و پارادۆكسانه‌ی كه‌ هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ پڕت ده‌كەن له‌ پرسیار؛ من كێم، له‌ ده‌وروبه‌ری من چی ڕوو ئه‌دات، نسبه‌تی من له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوانه‌ چیه‌؟ ژیانی مۆدێرن پڕه‌ له‌ به‌ربه‌ستگه‌لێك كه‌وا ناچارت دەکات به‌وه‌ی ته‌نیا بیر له‌ خۆت بكه‌یته‌وه‌، وه‌كو هونه‌رمه‌ندێك به‌رده‌وام ئه‌م پرسیاره‌ت لا‌ دروست ده‌بێت، چۆن ئه‌و به‌شه ‌داهێنه‌رانه‌ی ده‌روونت دووربخه‌یتەوە له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌م منداڵیەتیە روخێنه‌ره‌ی ژیانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌؟، ده‌گه‌یته‌ ئه‌و بڕوایەی كه‌ ده‌بێت سنووره‌كان بشكێنی، ئه‌بێ له‌گه‌ڵ سیستەم و نه‌ریت و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هه‌ستی داهێنه‌رانه‌ت ئه‌چه‌وسێنەوە و ده‌یخاته‌ ژێرپێ شه‌ر بكه‌ی، شكاندنی سنووره‌كان تاوانه‌، تاوان سزای به‌دواوه‌یه‌. به‌ڵام چێژێكی هیستریك له‌ ڕووخاندنی سنوور و به‌ربه‌سته‌كان دەبێتە گه‌وره‌ترین پاداشتی ده‌روونیت له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و سزایه‌ی كه‌ سیستەم و كۆمه‌ڵگا بەسەرتدا ده‌یسه‌پێنێ، دوای هه‌ر سنووربه‌زاندنێك هەمدیسان چێژ و هەمدیسان سزا، به‌ڵام ئایا كه‌ سنوورت به‌زاند ئارام ده‌گریت و شه‌ڕی ده‌روونیت ته‌واو ده‌بێت؟ نا! ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ ده‌روونتا ده‌بێته‌ هۆی داهێنانت، داهێنان به‌مه‌به‌ستی رزگارییەکی ئه‌به‌دی".

 

لە بارەی ستافی بەرهەمهێنانی گۆرانی و کلیپەکە هانی دەڵێت، "بەرهەمهێنەری میوزیکی گۆرانییەکە ئاریۆس-ە، کاری کلیپەکەش لە لایەن ئافا‌ ئیراندۆست ئەنجامداوە، سارا هۆزێل کاری مەیکەپی کردووە، هەریەکە لە جەنگی جەلال و روان عەدنان بە میوزیکی عود بەشداریانکردووە، هەرێم سەلاح-یش بە ئامێری دودووک، هەروەها بەشار تەها لە کاتی بەرهەمهێنانی کلیپەکە یارمەتی زۆری داون، گۆرانییەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاودەکرێتەوە.