لە بەردەم قەڵای هەولێر یادی قەرەنی جەمیل دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ رێوڕەسمێکی هاوخەمی لە بەردەم قەڵای هەولێر، بە ئامادەبوونی هونەرمەندانی شێوەکار و هاوڕێیەکانی قەرەنی جەمیل، بۆ کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە کوردە بەڕێوەدەچێت.
حەمە هاشم، شێوەکار و هاوڕێی قەرەنی جەمیل، بە رووداوی راگەیاند: "کاژێر 7:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە بەردەم قەڵای هەولێر و تەنیشت چایخانەی مەچکۆ، بۆ بەرز راگرتنی شکۆی مەرگی هونەرمەند و مامۆستا و پیاوی مەزن قەرەنی جەمیل، رێوڕەسمێکی تایبەت رێک دەخەن، بە هەڵکردنی مۆمی درەوشانەوەی رۆحی و دانانی گوڵی خۆشەویستی و وەفا لەبەردەم جوانیی وێنەکەی، کە گەواهی نەمری و مەزنی و هونەرمەندێتی مامۆستا قەرەنی دەدات".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هونەرمەندان، رۆشنبیران، ئەدیبان، نووسەر و هاونیشتمانییان دەتوانن بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا بکەن.
حەمە هاشم، لەبارەی کۆچی دوایی ئەو شێوەکارە کوردە گوتیشی، قەرەنی جەمیل ئایکۆنێکی هونەرییە و مێژووی هونەری شێوەکاری کوردی بەبێ ئەو نانووسرێتەوە.
هەروەها بڕیارە کاژێر 5:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە،لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، رێوڕيسمێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی قەرەنی جەمیل لە باخچەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لە هەولێر ساز بکات.
باهۆز مستەفا، نووسەر و هاوڕێی شێوەکار قەرەنی جەمیل، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، کاژێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025، قەرەنی جەمیل لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کۆچی دواییکرد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، قەرەنی جەمیل دوای تووشبوونی بە شێرپەنجەی سییەکان و جگەر، بۆ ماوەی شەش مانگ چارەسەری پزیشکی لە دهۆک و هەولێر وەرگرتووە و ئامادە نەبوو بۆ چارەسەری بچێتە دەرەوەی وڵات.
روونیشیکردەوە، قەرەنی جەمیل هاوڕێی 10 ساڵەیەتی و لە ماوەی داهاتوودا کتێبێکی هاوبەشیان بڵاودەکاتەوە کە گفتوگۆیەکە لە نێوان ئەو و هونەرمەندی کۆچکردوو، لەبارەی هونەری شێوەکاری و هونەر بە شێوەیەکی گشتی.
قەرەنی جەمیل، ساڵی 1954 لە هەولێر لەدایکبووە، لە 1977 بڕوانامەی دیبلۆمی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا بەدەستهێناوە. ساڵی 1984 کۆرسی یەک ساڵەی لیتۆگرافی لە ئیسپانیا تەواوکردووە.
یەکەمین پێشانگەی تایبەتیی خۆی لە 1977 لە هۆڵی قتابخانەی ئەیوبیەی هەولێر کردووەتەوە. بەشداریی لە دەیان پێشانگەی هاوبەشدا لە بەغدا، هەولێر، بارسێلۆنا، ڤالێنسیا، بڕۆکسل، کۆپنهاگن و چەند شارێکی دیکەی وڵاتانی جیهاندا کردووە.