بەهۆی 'سڵاوی هێتلەری' ئوسترالیا ڤیزای کانیێ وێستی هەڵوەشاندەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی ئوسترالی رایگەیاند، ڤیزای کانیێ وێست، گۆرانیبێژ و راپەری ئەمریکی، بۆ وڵاتەکەیان هەڵوەشێندراوەتەوە، دوای بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکەی "سڵاوی هێتلەری -  Heil Hitler"، بە گوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە؛ "پشتگیری لە نازییەت دەکات".
 
تۆنی بێرک، وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا، رۆژی چوارشەممە 2ـی تەممووزی 2025، رایگەیاند، وێست ساڵانێکی زۆرە سەردانی ئوسترالیای کردووە، چونکە بیانکا سێنسۆریی هاوژینی، خەڵکی ئەو وڵاتەیە، بەڵام گۆرانییە نوێیەکەی کە لە مانگی ئایاری رابردوودا بڵاویکردەوە، هۆکاری سەرەکیی هەڵوەشاندنەوەی ڤیزاکەی بووە.
 
بێرک رایگەیاند: "وێست ماوەیەکی زۆرە سەردانی ئوسترالیا دەکات و خێزانی هەیە لێرە. ئەو چەندین لێدوانی بێزارکەری داوە، بەڵام دوای دەرچوونی گۆرانییەکەی "سڵاوی هێتلەری"، بەرپرسانی نووسینگەکەم پێداچوونەوەیان بە دۆسییەکەیدا کرد و ئێستا ڤیزایەکی کارای بۆ ئوسترالیا نییە."
 
بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکە چەند مانگێک دوای ئەوە دێت کە وێست زنجیرەیەک پۆستی دژە جووی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە، کە لێدوانی وەک "من هیتلەرم خۆشدەوێت" و "من نازیم" لەخۆگرتبوو.
 
وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا روونیکردەوە، لە کاتێکدا لێدوانە بێزارکەرەکانی پێشووی وێست کاریگەرییان لەسەر ڤیزاکەی نەبووە، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانییەکە، بەرپرسان جارێکی پێداچونەوەیان بە بابەتەکەدا کرد.
 
کانیێ وێست، لە 8ـی تەمموزی 1977 لە ئەمریکا لە دایکبووە، راپەر و دیزاینەری جلوبەرگە، زیاتر لە 21 ملیۆن ئەلبووم و 100 ملیۆن کۆپی دیجیتاڵی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون و براوەی چەندین خەڵاتی میوزیکییە، لەوانە 22 خەڵاتی گرامی.
 
دەستپێکی کاری هونەریی لە بواری میوزیکدا لە رێگەی بەرهەمهێنان بووە، لە 2001 لەرێگەی گۆرانی "BluePrint" بەناوبانگ بوو کە بۆ جەی زەی، راپەری ئەمریکی ئامادەی کردبوو.
 
لە 2004 یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی "The College Dropout" بڵاوکردەوە، لە 2005 ئەلبوومی "Late Registration" و لە 2007 ئەلبوومی "Graduation" بڵاوکردەوە، لە 2013 لە رێگەی شەشەم ئەلبوومی بەناوی "Yeezus" ناوبانگییەکی جیهانی بەدەستهێنا.
 
لە 2020 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا بەربژێرکرد و لێدوانەکانی لە کاتی بانگەشی هەڵبژاردندا هاوژینەکەی کیم کارداشیانی توڕەکرد و جیابوونەوەیانی بەدوادا هات.