چارلی هەنم: رۆڵگێڕانم لە 'Game of Thrones' رەتکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
چارلی هەنم، ئەکتەری بەریتانی، ئاشکرایکرد، لە ماوەی کارکردنیدا چانسی بەشداریکردن لە چەندین فیلم و زنجیرەی بەناوبانگدا لەدەستداوە یان رەتیکردووەتەوە، دیارترینیان گێڕانی رۆڵی سەرەکی بوو لە فیلمی "Fifty Shades of Grey" و دەرکەوتنێکی تایبەتیش لە زنجیرەی بەناوبانگی "Game of Thrones".
هەنم کە بە رۆڵی جاکس تێلەر لە زنجیرەی "Sons of Anarchy" ناوبانگی دەرکرد، بۆ چەندین رۆڵی گەورە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، لەوانە:
رۆڵی سۆر کە دواتر کریس هێمسۆرس، ئەکتەری ئوسترالی گێڕاویەتی.
رۆڵی ئاناکین سکایواکەر لە بەشەکانی سەرەتای زنجیرە فیلمی "Star Wars".
رۆڵی تۆم ریدڵ لە فیلمی "Harry Potter and the Chamber of Secrets".
یەکێک لەو بڕیارە دیارانەی کە هەنم لە ژیانی هونەرییدا داویەتی، کشانەوەی بوو لە گێڕانی رۆڵی کارەکتەری کریستیان گرەی لە فیلمی "Fifty Shades of Grey".
ئەو ئەکتەرە پێشتر رایگەیاندبوو، بەهۆی پابەندبوونی بە کاری دیکە، تووشی فشارێکی زۆری دەروونی بووە و ناچار بووە لە گێڕانی ئەو رۆڵە بکشێتەوە.
سەرەڕای ئەوانەش، هەنەم ئۆفەرێکی بۆ دەرکەوتنێکی کورت لە زنجیرەی "Game of Thrones" پێشکێشکرابوو، بەڵام بەهۆی سەرقاڵییەوە لەو کاتەدا نەیتوانیوە بەشدار بێت. گوتیشی، چانسی بۆ گێڕانی رۆڵی پاڵەوانێکی سوپەرهیرۆ رەتکردووەتەوە.
چارلی هەنەم، ئەکتەری تەمەن 45 ساڵ، بە یەکێک لە ئەکتەرە دیارەکانی بەریتانیا دەناسرێت، جگە لە "Sons of Anarchy"، لە چەندین فیلمی دیکەدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، وەک "The Gentlemen" و "King Arthur: Legend of the Sword".