وەرزی نوێی زنجیرەی 'Grendizer' بەرهەمدێت

رووداو دیجیتاڵ

'Grendizer' یەکێک لە زنجیرە تەلەڤزیۆنییە بەناوبانگە ژاپۆنییەکانە و لە کوردستانیش بینەری زۆری هەبووە، 74 دوایین ئەڵقە بوو لەم بەرهەمە پێشکێشكرا، ئێستا کار بۆ ئەوە دەکرێت وەرزی نوێی ئەم بەرهەمە بەرهەمبهێندرێت.
 
کۆمپانیای مانگا پۆدەکشنز، پڕۆژەکەی راگەیاندووە و بە هاوکاری کۆمپانیای داینامیک پلانینگ کە خاوەنی زنجیرەکەیە، وەرزی نوێی بەرهەمدەهێندرێت.
 
بەرهەمهێنەرانی زنجیرەکە دەرفەت بۆ هۆگرانی ئەو زنجیرەیە دەڕەخسێنن بۆ دیزاینکردنی کەشتی رۆبۆتی 'UFO' و دواتر لە پێشبڕکێیەکدا هەڵدەبژێردرێت و ئەگەری زۆری هەیە دیزاینەکە لە زنجیرەکەدا بەکاربێت.
 
زنجیرەکە لەبارەی ململانێی چاکە و شەڕە، ئەوەی نوێنەرایەتی شەڕانگێزی دەکات، بیگ ڤێگا، فەرماندەیەکی بۆشایی ئاسمانە کە لە کەشتییە ئاسمانییەکەیدا لە بۆشایی ئاسمان دەژی، ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی هەسارەکانی گەردوونە، لە رێگەی رۆبۆتەکانەوە هێرش دەکاتە سەر هەسارەکانی دیکە.
 
یەکەم ئەڵقەی زنجیرەکە لە تشیرنی یەکەمی 1975 بڵاوکرایەوە و دوایین ئەڵقەی لە ئایاری 1976 بووە و لە نووسینی جۆ ناگای بووە.
 
چیرۆکی راستەقینەی زنجیرەکە لە فیلمێکی ئەنیمی بەناوی ' The Great Battle of the Flying Saucer' وەرگیراوە کە باس لە رووبەڕووبوونەوەی دڕندە رۆبۆتییەکان لە جەنگێکی گەورەدا دەکات.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 30-6-1975 بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.