ئۆرکێسترای سیمفۆنیی چیك ئاوازێکی کوردی دەژەنێت و لە هەولێر پێشکێش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئۆرکێسترای سیمفۆنیی نیشتمانیی چیک، بەرهەمێکی میوزیکی کوردی بە ناوی (کوردستان) دەژەنێت، کە لەلایەن فەرهاد حەمەساڵح، ئاوازدانەری کورد ئاوازی بۆ دانراوە کە ماوەی ساڵێک سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەم بەرهەمە بووە و بۆ ناساندنی کارەکەی لە هەولێرە.
ئاوازەکە لە شێوەی میوزیکێکی ڤیدیۆیی 20 خولەکیدایە و لە سێ بەش پێکدێت: (میر بەدرخان)، (دەنگێک لە باکوور) و (جینۆساید)، تێیدا رووداوە مێژووییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی کوردستان دەخاتەڕوو.
فەرهاد حەمەساڵح، هونەرمەند، لەبارەی کارەکەیەوە بە رووداوی گوت: بۆ مایسترۆکە باسی ئەو میوزیکە و روانین و گوزارشتی کردووە کە باس لە چی دەکات، ئەویش خۆی دوایی دەیگوت لە هەندێک شوێندا هەستی کردووە کارەساتێکی گەورە روویداوە، شتێکی ناخۆش روویداوە، کارەساتێک، کە ئەوەش دیارە لە بەشی جینۆسایدەکەدایە.
گوتیشی: "ئێمە موزیکمان هەیە بە تێکست گوزارشت لە هەندێک بارودۆخ دەکات، لە جینۆساید و لە زۆر بابەتی دیکە، بەڵام وەک میوزیک زۆر نەمدیتەوە کە گوزارشت لە رووداوە مێژووییەکان بکات".
هونەرمەندان و ئامادەبووانی نمایشەکە، ئەم کارە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ناساندنی مێژوو و هونەری کوردی بە جیهان دەزانن.
فەرهەنگ غەفوور، هونەرمەند و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولیر بە رووداوی گوت: "نموونەیەکە بۆ ئەوەی کە تۆ بە هەموو وڵاتانی دنیا بڵێی ئێمەش هونەرمەندی بەتوانامان هەیە، ئێمەش دەتوانین لە رێگەی میوزیکەوە مێژووی خۆمان بنووسینەوە".
ئەژین قادر، فەرمانبەر و یەکێک لە ئامادەبووانی چالاکییەکە بوو و باس لەوە دەکات: "بۆ ئەوەی بیرمان بهێنێتەوە کە ئێمە بە تەنیا مێژوویەکی ناخۆشمان تێنەپەڕاندووە، هەروەها ئێستا لە چ قۆناغێکی ژیانی خۆماندا دەژین و لە چ ئازادییەکدا دەژین، پێویستە ئێمە ئەم شتانەمان لەبیر بێت بۆ ئەوەی کوردایەتیی خۆمان لەبیر نەکەین".
ئاوازی (کوردستان) بۆ یەکەمجار لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە شاری ستۆکهۆڵمی سوێد و لە یادی 100 ساڵەی رێککەوتننامەی لۆزان پێشکێشکرا.
رۆژی یەکشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2023، ئەم بەرهەمە میوزیکییە ڤیدیۆییە، لە بەڕێوەبەرایەتیی چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر خرایەڕوو.