(Stranger Things 5) دووەم گەورەترین دەستپێکی لە مێژووی نێتفلێکس تۆمارکرد


رووداو دیجیتاڵ

وەرزی کۆتایی زنجیرەی بەنێوبانگی (Stranger Things) دەستپێکێکی بەهێزی تۆمارکرد، لە یەکەم هەفتەی پەخشکردنیدا بووە خاوەنی باشترین دەستپێک لە مێژووی زنجیرەکە و دووەم گەورەترین دەستپێک بۆ زنجیرەیەکی رەسەنی نێتفلێکس.
 
بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی نێتفلێکس، چوار ئەڵقەی یەکەمی وەرزی پێنجەمی زنجیرەکە؛ لە ماوەی پێنج رۆژی دوای بڵاوکردنەوەیان لە 26ـی تشرینی دووەم، 59.6 ملیۆن بینەری لە سەرانسەری جیهان هەبووە.
 
ئەم ژمارەیە بەرزترین ئاستی بینینە بۆ هەفتەی یەکەمی هەر زنجیرەیەکی زمانی ئینگلیزی لەسەر پلاتفۆرمەکە، پێشتر ژمارەی پێوانەیی بۆ وەرزی یەکەمی زنجیرەی (Wednesday) بوو کە لە تشرینی دووەمی 2022 ژمارەی بینەرانی گەیشتە 50.1 بینەر.
 
لەسەر ئاستی زنجیرەکان بە هەموو زمانەکان، وەرزی پێنجەمی (Stranger Things) لە پلەی ریزبەندی دێت، تەنیا لەدوای وەرزی دووەمی زنجیرەی (Squid Game) دێت، ە لە هەفتەی یەکەمی پەخشکردنیدا 68 ملیۆن بینەری هەبوو.
 
مات و رۆس دەفەر، دروستکارانی زنجیرەکە لە راگەیێندراوێکدا دڵخۆشیی خۆیان دەربڕی و گوتیان: "ژمارەی ئەو هەوادارانەی تەنیا بەشی یەکەمیان بینیوە سەرسوڕهێنەرە؛ پێشوازییەکە لەوە گەورەترە کە خەونمان پێوە دەبینی".
 
بەپێی ئامارەکان، وەرزی کۆتایی (Stranger Things)، لە کۆی 93 وڵات لە 90 وڵاتدا لە ریزبەندی یەکەمدایە، لە سێ وڵاتەکەی دیکەش لە ریزبەندی 10 پڕبینەرترینەکان بووە.
 
ژمارەی بینەرانی ئەم وەرزە (59.6 ملیۆن) لە کۆی گشتیی بینەرانی هەموو زنجیرەکانی دیکەی نێو لیستی (10 پڕبینەرترینەکانی زمانی ئینگلیزی) زیاتر بووە، کە چواریان وەرزەکانی پێشووی هەمان زنجیرە بوون؛ وەرزەکانی پێشوو بە کۆی گشتی 25.1 ملیۆن بینەریان هەبووە.
 
سەبارەت بە کاتی بینین، چوار ئەڵقەکەی وەرزی پێنجەم 284.2 ملیۆن کاژێر بینینیان هەبووە لە سەرانسەری جیهان. هەرچەندە ئەم ژمارەیە کەمێک کەمترە لە دەستپێکی وەرزی چوارەم (286.9 ملیۆن کاژێر)، بەڵام ماوەی کورتتری ئەڵقەکانی وەرزی پێنجەم (کەمتر لە 5 کاژێر) بە بەراورد بە وەرزی چوارەم (زیاتر لە 9 کاژێر) وایکردووە بەدەستهێنانی ژمارەی بینەر بۆ ئەم وەرزە ئاسانتر بێت، چونکە نێتفلێکس هاوکێشەی کۆی کاژێری بینراو دابەشکردنی ماوەی زنجیرەکە بەکاردەهێنێت.