لە میسر 2025 بە ساڵی ئوم کەلسووم دیارییکرا


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی رۆشنبیری میسر، 2025ـی بە ساڵی ئوم کەلسووم، هونەرمەندی ناسراوی عەرەب دیارییکرد و چەندین چالاکیی بۆ یادکردنی ئەو هونەرمەندە، سازدەکرێن.
 
دیارییکردنی 2025 بە ساڵی ئەوم کەلسووم، بۆ تێپەڕبوونی 50 ساڵ بەسەر کۆچی دواییەتی، چالاکییەکان بۆ یادکردنەوەی لە ناوەوە و دەرەوەی میسر بەڕێوەدەچن.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی رۆشنبیری میسر، ئەو هونەرمەندە بە هێمایەکی نەمری هونەری میسری ناسێندراوە و تاوەکو ئێستا لە دڵی ملیۆنان کەسدایە.
 
یەکەم چالاکی، رۆژی دووشەممە 4ـی شوباتی 2025 لە گوندی تەمای زهایرە لە پارێزگای دەقەهلیەی میسر دەستیپێکرد کە شوێنی لەدایکبوونی ئەو هونەرمەندەیە، ئەویش فێستیڤاڵی میوزیک و گۆرانیی ئوم کەلسوومە و بە درێژایی مانگی شوبات بەردەوام دەبێت.  
 
لە قاهیرەی پایتەختی وڵاتەکە، مۆزخانەی ئوم کەلسووم بۆ ماوەی یەک مانگ بە خۆڕایی بە رووی خەڵکدا دەکرێتەوە. 56ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی قاهیرە بە چالاکی میوزیکی یادی ئەو گۆرانیبێژە دەکاتەوە.    
 
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چەندین چالاکی بەڕێوەدەچن، ماڵی ئۆپێرای میسری، لە 9 تاوەکو 16ـی شوبات، کۆنسێرتێکی فیلهارمۆنی لە پاریسی فەرەنسا سازدەکات، هەردوو هونەرمەند ریحاب عومەر و ئیمان عەبدولغەنی تێیدا بەشدار دەبن و گۆرانییەکانی ئوم کەلسووم دەڵێنەوە.
 
ئوم کەلسووم ناوی تەواوی فاتیمە ئیبراهیم سەید بلتاجییە، لە 4ـی ئایاری 1908 لەدایکبووە، بەهۆی نەخۆشییە لە 3ـی شوباتی 1975 کۆچی دواییکردووە. خاوەنی چەندین نازناوی هونەرییە، دیارترینیان "هەساری رۆژهەڵات-کوکب الشرق". جگە لە گۆرانیگوتن، وەک ئەکتەریش لە چەندین فیلمدا بەشداربووە، بەڵام پێگەی بەهێزی لە هونەردا، گۆرانیگوتن بووە. بەهۆی دەنگخۆشی و ناوبانگییەکەی، باشترین ئاوزدانەر و شاعیرانی میسر و وڵاتانی عەرەبی کاریان بۆی کردووە.