بە بەشداری 20 شێوەکاری کورد پێشانگەیەک لە پەرلەمانی وێڵز دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی پرۆژەی "دڵۆپە مروارییەکان" پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ 20 شێوەکار کورد لە پەرلەمانی وێڵز دەکرێتەوە، تێیدا هەر شێوەکارێک چوار کاری هونەری دەخاتەڕوو.
 
مەریوان جەلال، هونەرمەندی شێوەکار و رێکخەری پێشانگەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆژەی "دڵۆپە مروارییەکان" ئامانجی پێشکێشکردنی جوانناسییە لە میوزیک، شێوکاری و ڤیدیۆگرافیک، لە ئاستێکی بەرزدا بە ئەوروپییەکان، هەروەها بەشدارییەکی ئەرێنییە سەبارەت بە نمایشی هونەر و کولتووری کورد لەسەرانسەری ئەوروپادا.
 
گوتیشی، ئامانجی دیکەی پرۆژەی "دڵۆپە مروارییەکان"، دروستکردنی پردی کولتووری لە نێوان گەلانی ئەوروپا و کورد لە تاراوگە.
 
مەریوان جەلال، گوتیشی، هونەرمەندانی کورد لە باشووری کوردستان و هونەرمەندانی کورد لە تارواگە لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، دانیمارک، نەرویج  و هۆڵەندا بەشدار دەبن.
 
ئەوەشی خستەڕوو، ئالان نەژاد، بەڕێوەبەری پرۆژەکەیە و دوو پەرلەمانتاری وێڵز سپۆنسەری پێشانگەکەن و گرووپی فاروق پشتیوانی دارایی دەکات و بە هاوکاری رێکخراوی کاوە سازدەکرێت.
 
پێشانگەکە رۆژی شەممە 6ـی نیسانی 2024 لە گەلەری ئایندەکان لە پێرهید، لە پەرلەمانی وێڵز لە شاری کاردف دەکرێتەوە و تاوکو 18ـی ئایار بەردەوام دەبێت.