فیلمی دوو دەرهێنەری کورد چوار خەڵاتی سینەمای ئەڵمانیا بەدەست دێنن

رووداو دیجیتاڵ

خەڵاتی فیلمی ئەڵمانیا، بە گرنگترین خەڵاتی سینەمایی لەو وڵاتەدا هەژمار دەکرێت، فیلمی دوو دەرهێنەری کورد، چوار خەڵات بەدەست دێنن، لەوانەش خەڵاتی باشترین دەرهێنەر.
 
فیلمی "In the Blaynd Spot" لە دەرهێنانی ئایشە پوڵات، دەرهێنەری کورد، سێ خەڵاتی بەدەستهێنا، ئەویش خەڵاتی باشترین دەرهێنەر، باشترین سیناریۆ و خەڵاتی برۆنزی بۆ باشترین پرۆدیوسەر بوو کە مەمەت ئەکتاش ئەو کارەی لە فیلمەکەدا لە ئەستۆ بووە.
 
ئەکتاش، لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە نەبوو و خەڵاتەکە لەلایەن ستافی فیلمەکەوە وەرگیرا و پێشکێش بە رۆحی یڵماز گونەی، فیلمسازی کورد کرا.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە تاوەکو ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا پێشاندراوە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە. 
 
فیلمەکە لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لە بارەی ژیانی ئەیووب ئازیز چاپکورت، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن.
 
فیلمی "Sieger Sein" واتە "براوە بە"یە، لە دەرهێنانی سۆلین یوسفە، توانی خەڵاتی باشترین فیلمی منداڵان بەدەستبێنێت.
 
فیلمەکە باس لە چیرۆکی ماڵباتێکی کورد لە کۆبانێ دەکات کە ناچاربوونە نیشتمانیان جێبهێڵن و بچنە ئەڵمانیا، لەوێ کچە بچووکەکەیان وەکو پەنابەرێک، لە قوتابخانە تووشی چەندین بەربەست و مامەڵەکردنی خراپ دەبێتەوە.
 
فیلمەکە لە دهۆک و بەرلین وێنەگیراوە و ماوەکەی 120 خولەکە، پێشتر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بەشداربووە. ئەو دەرهێنەرە کوردە خەڵکی دهۆکی باشووری کوردستانە، ماوەی پێنج ساڵ خەریکی ئەو کارە بووە.
 
خەڵاتی باشترین فیلمی بۆ "Dying" بوو لە دەرهێنانی مەتەیەس گلاسنەر، دەرهێنەری ئەڵمانی.
 
خەڵاتەکە شەوی هەینی 3ـی نیسانی 2024 لە بەرلین دابەشکران و دیارترین فیلمساز و هونەرمەندانی ئەڵمانیا تێیدا ئامادەبوون.
 
خەڵاتی فیلمی ئەڵمانیا کە بە "لولا" دەناسرێت، بە گرنگترین خەڵات لە بواری سینەما لەو وڵاتە دەناسرێت، لە 20 بەشدا زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار بە براوەکان دەبەخشێت. 
 
خەڵاتەکە تایبەتە بە فیلمە ئەڵمانییەکان و ئەو فیلمانەی لە ئەڵمانیا بەرهەمدێن، لە 1951ـەوە دابەش دەکرێت، لە 2005ـەوە ئەرکی دابەشکردنی بە ئەکادیمیای سینەمای ئەڵمانیا دراوە.