لە ئەمریکا زۆرترین گەڕان بۆ بەشی یەکەمی 'Top Gun' کراوە

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ بڵاوکردنەوەی 'Top Gun: Maverick' بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Top Gun'، هۆگرانی سینەما لە ئەمریکا زۆرترین گەڕانیان بۆ بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە کردووە کە لە 1986ـدا بڵاوکراوەتەوە.
 
بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە، لە 27-5-2022 بڵاوکرایەوە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 300 ملیۆن و 14 هەزار دۆلاری ئەمریکییە.
 
داهاتی ئەم بەرهەمە لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 160 ملیۆن و 514 هەزار دۆلار و داهاتی لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا 139 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە.
 
لە نمایشی تایبەتی 'Top Gun: Maverick' لە لەندەن، فرۆکەیەکی جۆری 'Eurofighter Typhoon'  لە دەرەوەی هۆڵی سینەما دانرا کە لە فیلمەکەدا بەکارهاتووە، ئەمەش زیاتر سەرنجی بینەرانی فیلمەکەی بەلای خۆیدا راکێشا.
  
رۆژی چوارشەممە 19-5-2022 ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان پێشاندرا و تۆم کروز ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە ئامادەبوو.
 
ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی جۆزێڤ کەسینسکییە و لەبارەی بەشداریکردنی لە فیستیڤاڵی فیلمی کان، رایگەیاندبوو "خەونی هەموو دەرهێنەرێک ئەوەیە رۆژێک بتوانێت بچێتە کان".
  
جگە لە پێشاندانی فیلمەکە لە فیستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی چڵەخوورمای زێڕین بە تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی و ئەستێرەی فیلمە ئەکشنەکان بەخشرا، وەک رێزێک لە کار و بەرهەمە سینەماییەکانی.
 
تۆم کروز، لە 3-7-1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
 
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10.1 ملیار دۆلار لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
 
کروز، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی 'Business' لە 1986، فیلمی  'The Color of Money'لە 1986 و فیلمی 'Born on the 4th of July' لە 1988.
 
چالاکییەکانی 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، لە 17 تاوەکو 28-5-2022 لە شاری کانی باشووری فەرەنسا بەڕێوەچوو.
 
'Top Gun' فیلمێکی دراما و ئەکشنی ئەمریکییە، یەکەم بەشی لە 1986 بڵاوکرایەوە، دەرهێنەری تۆنی سکۆت و بەرهەمی کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرزە، بودجەی بەرهەمهێنانی 15 ملیۆن دۆلار بوو و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 356 ملیۆن دۆلار بوو.
 
کروز، رۆڵی ماڤێریک ئەفسەری هێزی دەریایی دەگێڕێت، کە فڕۆکەوانێکی دەریایی گەنجە لەناو کەشتی فڕۆکەهەڵگری (USS) کاردەکات.