کازم ساهیر کۆنسێرت لە هەولێر ساز ناکات


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی پۆستەری کۆنسێرتێکی هاوبەشی هەردوو هونەرمەند کازم ساهیر و حوسێن جسمی لە هەولێر بڵاوکرایەوە، ژەنیارێکی کورد رایدەگەیەنێت، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و هۆشداریش دەداتە هەوادارانی ساهیر.
 
سالار ئازید، ژەنیاری ناسراوی کورد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆنسێرتی داهاتووی هونەرمەند کازم ساهیر لە ئیستەنبووڵ دەبێت و لە 9ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، گوتیشی: "هیچ کۆنسێرتێکی لە هەولێر نابێت، وەک ئەوەی باس دەکرێت و بلیتەکەی بە شێوەی ئۆنلاین دەفرۆشرێت".
 
ئەو ژەنیارە کوردە ئاماژەی بەوەشکرد، پرسیارێکی زۆر لەبارەی کۆنسێرتەکەی هەولێرەوە دەکرێت، بەڵام "راستییەکەی ئەوەیە ئەو ماڵپەڕەی بلیتەکان بە شێوەی ئۆنلاین دەفرۆشێت، ساختەیە و پێویستە هەوادارانی ئاگاداربن و بلیتی نەکڕن".
 
سالار ئازید روونیشیکردەوە، تاکە سەرچاوەی باوەڕپێکراو بۆ زانینی هەواڵ و چالاکییەکانی ساهیر، هەژمارە فەرمییەکانیەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
 
جگە لە کۆنسێرتەکەی ئیستەنبووڵ، بڕیارە کازم ساهیر لە 14ـی ئەم مانگە کۆنسێرتێک لە ئوردن ساز بکات، دواتریش لە عومان.