خواکین فینێکس و هاوژینەکەی چیرۆکێکی غەززە دەگەیێنە فێستیڤاڵی ڤێنیس


رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 82ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس، خواکین فینێکس، ئەکتەری ناسراوی ئەمریکی و رونی مارای هاوژینی، بەرهەمێکی نوێیان پێشاندا کە باس لە چیرۆکێکی تراژیدی کچێکی شەش ساڵان لە غەززە دەکات و لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فێستیڤاڵدا بەشدارە و بەربژێری خەڵاتی شێری زێڕینە.
 
رۆژی چوارشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2025، هەردوو ئەکتەر لە ڤێنیس ئامادەی پێشاندانی فیلمی (The Voice of Hind Rajab - دەنگی هیند رەجەب) بوون. فیلمەکە باس لە چیرۆکی کچێکی شەش ساڵان بەناوی هیند رەجەب دەکات، کە لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە گیانی لەدەستدا.
 
فینێکس و مارا وەک بەرهەمهێنەری جێبەجێکار بەشدارییان لەم پڕۆژەیەدا کردووە، شانبەشانی چەند ئەکتەرێکی دیکە و بەرهەمهێنەرانی وەک براد پیت و ئەلفۆنسۆ کوارۆن.
 
ستافی فیلمەکە کاتێک لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ دەرکەوتن، وێنەیەکی هند رەجەبیان بەدەستەوە گرتبوو، ئەمەش سۆز و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئامادەبووان دروستکرد.
 

بەپێی راپۆرتێکی (دێدلاین)، پێشاندانی فیلمەکە کاردانەوەیەکی گەورەی هەبوو و بۆ ماوەی 24 خولەک چەپڵە بۆ ستافەکەی لێدرا، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە لە مێژووی فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیسدا.
 
کەوسەر بن هەنییە، دەرهێنەری تونسی، دەرهێنەریی بۆ فیلمەکە کردووە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "سوپاسگوزارم بۆ پشتیوانی ئەستێرەکانی هۆلیوود. ئەوەی ئەم ناوانە بەشدارییان لە فیلمەکەدا کردووە، واتایەکی زۆری هەیە. ئێمە دەبینین گێڕانەوەی رووداوەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەگۆڕێت، هەر بۆیە سینەما، هونەر و هەموو جۆرە دەربڕینێک زۆر گرنگن بۆ ئەوەی دەنگ و رووخسار بەم خەڵکە بدەن."
 

خواکین فینێکس و رونی مارا لە 2012 لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی "Her" یەکدیان ناسی و پەیوەندی خۆشەویستییان لە 2017 دەستیپێکرد و خاوەنی دوو منداڵان. 
 

82ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس لە ئیتاڵیا، لە 27ـی ئاب دەستیپێکرد و تاوەکو 6ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت. ڤێنیس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە سەرانسەری جیهاندا.