رۆژ کەریم گۆرانی نیشتمانی بڵاوکردەوە

رووداو - ھەولێر 

رەنج سەنگاوی شاعیر و پێشکەشکاری بەرنامەی لەگەڵ رەنج لە کەناڵی رووداو، تێکستێک لەبارەی کۆچەوە دەداتە ھونەرمەند رۆژ کەریم ئەویش دەیکاتە گۆرانی و بە شێوەی دەنگ بڵاویدەکاتەوە.

رۆژ کەریم بە (رووداو)ی راگەیاند "چەند رۆژێکە گۆرانی نیشتمانم کۆتاییھاتووە و تەنھا بە شێوەی دەنگ بڵاومکردەوە کە تێکستەکەی لەلایەن رەنج سەنگاوییەوە نووسراوە، خۆشم ئاوازم بۆ گۆرانییەکە داناوە". 

رۆژ، ھۆکاری نەکردنە کلیپی ئەو گۆرانییەی ئاشکرادەکات و دەڵێت:" بە ھۆی نەبوونی کاتەوە نەمتوانیووە ئەم بەرھەمە بەشێوەی کلیپ بەرھەمبێنم و بڵاویبکەمەوە".

رۆژ گوتیشی: " ئەم بەرھەمە لەسەر کۆچ و کۆچبەرانە. بە داخەوە ئەوەی دەیبینیت ئەمڕۆ بیر لە جێھێشتنی کوردستان دەکاتەوە، ھیوادارم حکومەتی ھەرێمی کوردستان چاکسازی بکات بۆ ئەوەی کوردستان بە ئاوەدانی بمێنێتەوە".

رۆژ کەریم چەندین ساڵە لە تاراوگە دەژیێت و ھەروەھا بەشداری لە چەندین کۆنسێرتی خێرخوازی کردووە لە دەرەوەی کوردستان.