بەختی رووداو


رووداو - هەولێر 

كاوڕ: لەم مانگە نوێیەدا گرنگی بە كەسایەتیت بدە، هەوڵ بدە قسەت خۆش بێت تەنانەت لەگەڵ ناحەزەكانیشت، بۆئەوەی سەرنجیان رابكێشیت. ئەگەر ترس و راڕاییت كەم بكەیتەوە كارەكەت سەركەوتوو دەبێت.

گا: بەهۆی بوونی ڤینۆس لە بەرامبەر كەلوەكەتدا، ئەم مانگە بە تەواوی پێچەوانەی مانگی رابردوو دەبێت، هەنگاو بۆ هەر كارێك بنێی سەركەوتوو دەبیت و كەسانێك بەبێ‌ مەرج هاوكاریت دەكەن. 

جمك: لەم مانگەدا دەتوانی هەناسەیەكی ئاسوودەیی بدەی و خەمەكانی رابردوو لەیاد بكەی، هێندە دوودڵ مەبە، هەر شتێك خەمی زۆری لێ‌ بخۆیت زیاتر دوور دەكەوێتەوە، وا باشە هێمنیی خۆت تێكنەدەی. 

قرژاڵ: لەم مانگەدا گۆڕانكاریی كتوپڕ روودەدەن، خۆشی و خەمباری پێكەوە تێكەڵ دەبن، چونكە بەهۆی رەزامەندیی ئەڤیندارەكەتەوە ئاسوودە دەبیت و بەهۆی كێبڕكێی هاوكارەكانت خەمبار دەبیت. 

شێر: هەوڵ بدە سەردانی شوێنە قەرەباڵغەكان بكەیت، چونكە دەبێتە خاڵی دروستكردنی پەیوەندیی نوێ‌ و یارمەتیت دەدات بۆ دەرچوون لە گۆشەگیری و حەزكردن بە تەنیایی. خۆشەویست دەبیت و كاریگەری دەخەیتە سەر بەرامبەرەكەت. 

فەریك: لەم مانگەدا فرسەتێكی گرنگ دروست دەبێت بۆ كارێكی نوێ‌، یان پێشخستنی باری دارایی، كارەكانت بە سەركەوتوویی دەگەیەنیتە ئەنجام، بەڵام هەوڵ بدە بەردەوامی بە كارەكەت بدەیت و فەرامۆشی نەكەیت. 

تەرازوو: هەلێكی گونجاو دەڕەخسێت بۆ دەسكەوتی دارایی، بەڵام دەبێت كاری جیدی بۆ بكەیت. لە ماوەی رابردوودا بەهۆی حەزی سەركێشی زەرەری زۆرت بە خۆت گەیاندووە، ئاگادار بە نەكەویتەوە داوی هەمان ئارەزوو.

دووپشك: بەهۆی ئەستێرەی ڤینۆسەوە لە كەلوەكەت دەبێت زۆر دڵخۆش بیت، بەڵام هەستی پێ‌ ناكەیت چونكە ئارەزووەكانت هێندە زۆرن بوار نادەن چێژ لە خۆشییەكان وەربگریت، بۆیە هەر لە هەوڵدا دەبیت بۆ زیاتر. 

كەوان: رۆیشتنی ئەستێرەی مارس لە كەلوەكەت واتای زۆری هەیە، دەتوانی هەست بە ئازادی بكەیت و فشار و ترسەكانی دڵت كەم دەبنەوە. گرفتی سەرەكی ئەوەیە كە سەرقاڵییەكانت ئێجگار زۆرن و زۆرینەشیان بێ‌ سوود دەبێت. 

گیسك: هاتنی ئەستێرەی مارس لە كەلوەكەتدا تووشی پەلەكردن و شپرزەییت دەكات، بەڵام بۆ ئەوەی پارێزراو بیت خۆت بە وەرزشێك یان شتێكەوە سەرقاڵ بكە كە جەستەت ماندوو بكات و لە ترس دوور بكەویتەوە. 

سەتڵ: وا باشە هەموو كارەكانت بە پلانێكی باش رێكبخەیت، هەنگاوە نوێیەكەت بەرەو ئەنجامێكی گەورە دەچێت. ئاگادار بە پەیوەست مەبە بە رابردوو نەوەك بەختەوەریی ئێستا تێكبدات. 

نەهەنگ: لەبەر خاتری هیچ كەسێك زەرەر لەخۆت مەدە. پەیوەندیت لەگەڵ كەسێكی دوور بەهێز دەبێت، رەنگە بڕیارێك بدەن. هەموو كارێك بە ئاسانی دەگاتە ئەنجام ئەگەر بڕوات بە خۆت هەبێت.