سکارلێت جۆهانسن لە (مارڤڵ)ـەوە بۆ (دی سی)


رووداو دیجیتاڵ

دوای ماڵئاواییکردنی لە (مارڤڵ)، سکارلێت جۆهانسن، ئەکتەری جیهانی، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بچێتە نێو جیهانی (دی سی) و لە شاری گۆتەم جێگیر ببێت.
 
جۆهانسن لە قۆناخی کۆتایی گفتوگۆکاندایە بۆ پەیوەندیکردن بە ستافی فیلمی (The Batman Part II)، کە درێژەپێدەری فیلمە سەرکەوتووەکەی دەرهێنەر مات ریڤزە.
 
ئەگەر رێککەوتنەکە سەربگرێت، ئەمە دەبێتە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ پرۆژەکە کە بڕیارە ساڵی داهاتوو وێنەگرتنی دەستپێبکات. جۆهانسن پێش ئەوەی بچێتە نێو فیلمە نوێیەکەی باتمانەوە، سەرەتا وێنەگرتنی فیلمی (The Exorcist) تەواو دەکات کە هەفتەی رابردوو گرێبەستەکەی واژۆ کرد.
 
سکارلێت جۆهانسن بە یەکێک لە گرانترین و پڕداهاتترین ئەستێرەکانی جیهان دەناسرێت، جگە لە رۆڵە گرنگەکانی؛ ئەمساڵ بە فیلمی (Jurassic World: Rebirth) سەرکەوتنێکی دیکەی تۆمار کرد. هەروەها بەم دواییانە یەکەم ئەزموونی دەرهێنانی خۆی بە فیلمی درامیی (Eleanor the Great) بڵاوکردەوە.
 
بەرهەمهێنانی بەشی نوێی زنجیرە فیلمی (Batman)، رووبەڕووی چەندین دواکەوتن بووەتەوە. کۆمپانیای وارنەر برۆس سەرەتا لە نیسانی 2022 لە (سینەما کۆن) فیلمەکەی راگەیاند.
 

لە سەرەتای 2023، جەیمس گەن و پیتەر سەفران، بەڕێوەبەرانی ستۆدیۆکانی (دی سی) رایانگەیاند، فیلمەکە لە تشرینی یەکەمی 2025 نمایش دەکرێت، بەڵام ساڵێک دواتر وادەکە بۆ 2026 گۆڕدرا، ئێستاش وادەی کۆتایی نمایشکردن بۆ 1ـی تشرینی یەکەمی 2027 دواخراوە.
 

رۆبەرت پاتینسن جارێکی دیکە بە رۆڵی باتمان دەگەڕێتەوە، مات ریڤز وەک دەرهێنەر و هاونووسەری سیناریۆ لەگەڵ ماتسۆن تۆملین کار دەکات.
 

بەشی یەکەمی (The Batman) کە لە ئاداری 2022 نمایشکرا، سەرکەوتنێکی گەورەی لە بۆکس ئۆفیس بەدەستهێنا و داهاتەکەی گەیشتە 770.3 ملیۆن دۆلار. ئەم سەرکەوتنە بووە هۆی بەرهەمهێنانی زنجیرەی لاوەکیی (The Penguin) بۆ پلاتفۆرمی ماکس.