شوێنێ وێنەگرتنی زنجیرەی 'Game Of Thrones' بە رووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەگەرچی چیرۆکی 'Game Of Thrones' کۆتایی هاتووە و دوایین وەرزی لە 2019 بڵاوکرایەوە، بەڵام هۆگرانی ئەم بەرهەمە دەتوانن سەردانی ئەو شوێنە بکەن کە ئەم بەرهەمە تێیدا وێنەگیراوە.
بەهۆی ئەوەی ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە بینەرێکی زۆری لە جیهاندا هەبوو و کاردانەوەیەکی جیهانی هەبوو، بڕیارە گرنگترین شوێنی وێنەگرتنی بە رووی گەشتیاراندا بکرێتەوە.
ئەو شوێنە بریتییە لە 110 هەزار پی چوارگۆشە و دەکەوێتە ناوچەی داون لە ئێرلەندای باکوور کە شوێنی سەرەکیی وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە بووە.
وەک ئامادەکارییەک بۆ کردنەوەی ئەو شوێنە بە رووی گەشتیاراندا، ڤیدیۆیەکی 30 خولەکی لەمبارەیەوە بڵاوکراوەتەوە و پێشبینی دەکرێت ساڵانە 600 هەزار کەس سەردانی بکەن.
یەکەم وەرزی ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە لە 2011 بڵاوکرایەوە و دوایین وەرزی لە 2019 بوو و وەک بەناوبانگترین زنجیرەی درامایی و خەیاڵی زانستی دەناسرێت و لە تۆڕی 'HBO'ـی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە و براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی ئێمی و گۆڵدن گلۆب.
ئەم بەرهەمە چیرۆکی حەوت شانشین دەگێڕێتەوە کە لە پێناو دەسەڵاتدا دەجەنگن و چیرۆکەکەی لە زنجیرە رۆمانێک بەناوی 'گۆرانی بەستەڵەک و ئاگر' لە نووسینی جۆرج ئار مارتن وەرگیراوە.
ئەم بەرهەمە جگە لە ئێرلەندای باکوور، لە ماڵتا، کرواتیا، ئایسلەند و مەغریب وێنەگیراوە هەشت وەرزی بەرهەمهێنراوە، کۆی ئەڵقەکانیشی 67 ئەڵقەیە.
یەکەم ئەڵقەی وەرزی یەکەمی 'Game Of Thrones' زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار بینەری هەبوو، دواتر بۆ ئەڵقەکانی دیکەی ژمارەکە بۆ نۆ ملیۆن و 300 هەزار بینەر بۆ هەر ئەڵقەیەک بەرزبووەوە، وەرزی دووەمی ئەو ژمارەیەی تێپەڕاند و بۆ هەر ئەڵقەیەک 11 ملیۆن و 600 هەزار بینەر هەبوو، لە وەرزی چوارمیشدا بۆ هەر ئەڵقەیەک 18 ملیۆن و 600 هەزار بینەر هەبوو، بەمەش توانی ژمارەی پێوانەیی وەک پڕبینەرترین زنجیرەی تەلەڤزیۆنی تۆماربکات.