تەرانە عەلیدۆستی ئازادکرا
رووداو دیجیتاڵ
تەرانە عەلیدۆستی، ئەکتەری ئێرانی ئازادکرا و نادرە حەکیم ئیلاهی، دایکی ئەو ئەکتەرە و پارێزەرە تایبەتەکەیان، هەواڵەکەی پشتراستکردەوە.
دوێنی چوارشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2023 زەهرا مینۆیی، پارێزەری ئەو ئەکتەرە، سەبارەت بە ئازادکردنی عەلیدۆستی رایگەیاند، تەرانە عەلیدۆستی بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەڤین ئازاد کرا. لە دوای ئازادکردنی ئەو ئەکتەرە، چەند وێنەیەکی بڵاوکرانەوە و دڵخۆشی پێوە دیارە.
ئەو ئەکتەرە تەلەفزیۆنی و سینەماییە کە بە کارکتەری شەهرەزاد لە زنجیرەی 'شەهرەزاد' ناسراوە، لە 17 کانوونی یەکەمی 2022 بەهۆی دەربڕینی هاوسۆزی بۆ ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکانی لە ئێران دەستگیرکرا.
لە سەرانسەری جیهاندا واژۆی زیاتر لە 600 هونەرمەند بۆ ئازادکردنی تەرانە عەلیدۆستی کۆکرایەوە، لەوانە رۆبەرت دێنیرۆ، پەنالوپی کروز، کەیت وێنسڵت و جەیسن مۆمۆوا.
جگە لە ئەستێرەکانی سینەما، میدیاکانی جیهان گرنگی زۆریان بە هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو ئەکتەرە دا و بەدواداچوونیان بۆ دەکرد.
پێشتر ئەو ئەکتەرە تەمەن 38 ساڵەکە، لە پۆستێکدا لەبارەی ئەو کوڕە کوردەی کە یەکەم کەس بوو بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکاندا لەسێدارەبدرێت، نووسیبووی: "ناوی ئەو موحسین شکاری بوو. هەر رێکخراوێکی نێودەوڵەتی کە تەماشای ئەم خوێنڕشتنە دەکات و هیچ کارێک ناکات، شوورەییە بۆ مرۆڤایەتی".
ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئێران لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی دانیشتووی سەقز لە 16ـی ئەیلوولی 2022 دەستیانپێکرد، ژینا لە 13ی ئەیلوول لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەرکرا و سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا؛ باوکی ژینا دەڵێت، کچەکەی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.