خەڵاتەکانی ئیندپێندت سپێرت دابەشکران

رووداو دیجیتاڵ

38مین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئیندپێندت سپێرت بەڕێوەچوو و فیلمی ' Everything Everywhere All at Once' کە چانسی زۆری لە وەرزی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئەمساڵدا هەبووە، توانی حەوت خەڵات بەدەستبێنێت، لەوانەش خەڵاتی باشترین فیلم.
 
هەریەک لە میشێل یۆهـ و کی هۆی کوان لەم بەرهەمە سینەماییەدا، توانیان خەڵاتی باشترین رۆڵگێڕانی سەرەکی و باشترین رۆڵگێڕانی لاوەکی بەدەست بێنن و ستیڤانی هسۆ ئەکتەری فیلمەکە، خەڵاتی باشترین رۆڵگێرانی سەرنجڕاکیشێ بەدەستهێنا. 
 
هەردوو نووسەر و دەرهێنەری فیلمی 'Everything Everywhere All at Once' دانیال کوان و دانیال شاینێرت خەڵاتی باشترین سیناریۆ و باشترین دەرهێنەریان بەدەستهێنا و خەڵاتی باشترین مۆنتاژیش بۆ پۆڵ رۆجەرز بوو لەم بەرهەمەدا.
 
جگە لەم خەڵاتانە، چەند خەڵاتێکی دیکە دابەشکران و چالاکییەکە بەربەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی ئازاری 2023، لە کەنار دەریای سانتا مۆنیکای کالیفۆرنیا لە ئەمریکا بەڕێوەچوو.
 
رێوڕەسمی راستەوخۆی خەڵاتەکە لە هەژماری تایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی رێکخەرانی خەڵاتەکە و هەژماری 'ئای ئێم دی بی' لە تویتەر پەخشکرا.