گرووپێکی کوردی میوزیکی 'God Of War' دەژەنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
"God Of War" یارییەکی ڤیدیۆیی بەناوبانگە و لەلایەن گرووپێکی کوردی بەناوی "ئاڕ دی ئاڕ" میوزیکەکەی ژەنراوەتەوە و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکراوەتەوە.
گرووپی "ئاڕ دی ئاڕ" کە ژمارەیەک ئەندامی گەنجی هەیە، بەسەرپەرشتی هونەرمەند دیەم جەلالە و کاری دابەشکردنی میوزیکی ئەم بەرهەمە نوێیەی لەلایەن توانا خاڵە حەمرین کراوە.
دیەم جەلال، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە لە درێژەی کارەکانیان دێت بۆ کەڤەرکردنی بەرهەمە میوزیکییە جیهانییەکان و پێشتر کاریان بۆ چەند بەرهەمێکی دیکەی جیهانییان کردووە.
ڤیدیۆکلیپی میوزیکەکە لەلایەن محەممەد زەید کراوە و لە کەناڵی تایبەتیی گرووپی "ئاڕ دی ئاڕ" لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
لەم بەرهەمەدا دیەم جەلال بە ئامێری گیتار، محەممەد سەرهەنگ بە ئامێری عود، بڵند مەهدی بە ئامێری قانوون، دانەر هۆگر بە ئامێری کلارنێت، ئەحمەد هیوا بە ئامێری باس گیتار و ئیبراهیم گەردی بە ئامێری دەف بەشدارن.
ئیبراهیم گەردی، بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی و بە دەف لێدان، چێژێکی کوردی و رۆژهەڵاتی بە ئاوازەکە داوە.
پێشتر ئەو میوزیکە، لەلایەن چەندین گرووپی ئۆرکێسترایی ژەنراوەتەوە و بە ملیۆنان بیسەری هەیە.
گرووپەکە لە 2014 دامەزراوە، تاوەکو ئێستا سێ بەرهەمیان بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردووەتەوە، دوو لە بەرهەمەکانیان کەڤەرکردنی میوزیکی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی کۆری "Squid Game"ـە کە ئەندامانی گرووپەکە هاوشێوەی بەشێک لە کارەکتەرەکانی نێو زنجیرەکە جلوبەرگیان پۆشێوە و ڤیدیۆکلیپەکەی زیاتر لە سێ ملیۆن و 600 هەزار بینەری هەیە، هەروەها گۆرانیی بەناوبانگی "Fly me to the moon"ـیان کەڤەرکردووەتەوە.
"God Of War" یارییەکی ڤیدیۆیی سەرکێشی و خەیاڵییە، لە 2005 لە پلەستەیشن دوو بڵاوکرایەوە و ناوڕۆکی لە ئەفسانە کۆنەکان سەرچاوەی گرتووە، دوایین ڤێرژنی لە 2023 بڵاوکراوەتەوە.
ئەم بەرهەمە پێشوازییەکی بەرچاوی لێکراوە و بە یەکێک لە گرنگترین یارییە ڤیدیۆییەکانی ئەکشن دەناسرێت، تاوەکو تشرینی دووەمی 2023 زیاتر لە 66 ملیۆن کۆپیی فرۆشراوە.
بڕیاربوو فیلمێک بە سوودوەرگرتن لە "God Of War" بەرهەمبهێندرێت، بەڵام ئەو پڕۆژەیە هەڵوەشایەوە و ئێستا ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکرێت وەک زنجیرەی تەلەڤزیۆنی بەرهەمبێت.