گۆرانی کوردی و یۆنانی لە زانکۆ ئەمریکی ئاوێتەی یەکتر کران
رووداو- سلێمانی
لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری سلێمانی، گۆرانی و ئاوازی میوزیكی كوردی و یۆنانی تێکەڵکێش دەکرێن، میوزیكژەنانی كوردیش دەیانەوێت لەرێگەی ئاوێتەبوونێكی هونەرییەوە میلۆدییە كوردییەكان بەگوێی جیهاندا بدەن.
یانی پولیس، میوزیكژەنی یۆنانی لەمبارییەوە بەرووداوی راگەیاند "شەرەفێكی گەورەیە ئێمە ئەمڕۆ لەكوردستانین، بۆ هاوبەشی پێكردنی میوزیكی كوردو یۆنان، هەڵبەتە هەست بەوە دەكەن، كە گوێتان لەو میوزیکە دەبێت، میوزیكەكە لەناو دڵتانەوە قسە دەكات، گوێتان لەمیوزیكی یۆنانی دەبێت و دەڵێن بووەستە ئەمە منم، ئێمە كە گوێمان لەمیوزیكی كوردی دەبێت هەمان هەستمان دەبێت".
هونەرمەندانی كورد، زۆر رێگا تاقیدەكەنەوە بۆ ناساندنی هونەری كوردی، تاوەكو هەموو جیهان ئاشنابكەن، بەوەی كە پێیدەگوترێ هونەری میوزیكی كورد. هەربۆیە ئەو جۆرە پڕۆژانە دڵخۆشیی زۆری لەسەر رووخساری میوزیسیان و هونەردۆستانی كورد جێدەهێڵن.
هەژار زەهاوی، میوزیكژەنی کورد، لە بارەی پەیامی ئەم کۆنسێرتە دەڵێت "پەیامی ئێمە ئەوەیە کە نیشانی جیهان بدەین نەتەوەی كورد و میوزیكەكەی هیچی كەمتر نییە لەگەلانی دیكە، میوزیكی كوردی زۆر بەهێزەو قسەی زۆری هەیە بۆ گوتن، وەك گەلانی دیكە میوزیكی ئێمە زۆر سەرنجڕاكێشە، هەروەها لەم كۆنسێرتەدا دەمانەوێت ئەوە نیشان بدەین، كە میوزیكی كوردی زیاتر لە میوزیكی گەلان قسەی هەیە بۆ گوتن".
گەشتی میوزیك لەیۆنانەوە بۆ كوردستان، ئەو كۆنسێرتەیە، كە سێ هونەرمەندی كورد و سێ هونەرمەندی یۆنانی لە باشووری كوردستان كۆ كردووەتەوە، لە ساڵانی رابردووشدا، گرووپە هونەرییەكانی كورد، گۆرانی و هەڵپەڕكێی كوردەوارییان بردووەتە سەر شانۆی رۆژئاواییەكان.