عومەر چنگیانی: ئامادەم بچمە عەرەب ئایدڵ

رووداو- هەولێر

مەلا عومەر چنگیانی، مامۆستای ئایینی لەبارەی فەتوای هەندێک مامۆستای ئایینی دژی (پەرواس حوسێن) رایگەیاند، "هیچ یاسایەک رێگە بەوە نادات ئەو مامۆستایانە سنووری خۆیان ببەزێنن". دەشڵێ "ئامادەم لەسەر حسابی خۆم بچمە بەیروت بۆ دەنگدان".

مەلا عومەر چنگیانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (رووداو) گوتی: "شەریعەتی ئیسلام سنوور بۆ مرۆڤ دادەنێت و هیچ کەسێکیش وەکیلی خودا نییە، بتوانێت خەڵک بنێرێت بۆ جەهەننەم یاخود بینێرێ بۆ بەهەشت، چ جای ئەوەش لەسەر مینبەری مزگەوت جنێو بدات بە خەڵکی و نەفرین بنێرێ بۆ ئەم و ئەو، بە تایبەتی یەکێک لەو مامۆستایانەی هەفتەی پێشوو بە ئاشکرا نەفرین لە ئوممەی عەرەبی دەکات و جوێن بە ئوممەی عەرەبی دەدات، کە ئەمە کێشەی سیاسیش دروست دەکات".

لە وەڵامی "هەڵوێستی چنگیانی چییە لەبارەی هونەر؟" گوتی:" هەڵوێستی من روونە، من بڕوام بەوە هەیە کە نەتەوەکانی وەک ئێمەو لە ئێمە پێشکەوتووتریش لە دەوروبەرمان خوداپەرستیش دەکەن و هونەر و وەرزشیش لە ناویاندا زۆر لە برەودایە".

لە بارەی پەرواس حوسێن و بەشداریكردنی لە بەرنامەی عەرەب ئایدڵ، مەلا عومەر گوتی: "من بەش بە حاڵی خۆم ئەو خانمە بێت، یاخود هەر کەسێکی دیکە لەو بوارانەدا کاربکات، پێی دەڵێم ئیلتزامێکت هەبێت لە سنووری خۆت دەرمەچۆ، لە هەمانکاتیشدا گەیشتنت بەو شوێنەی کە ئێستا پێیگەیشتووی رێگەیەکە لەو رێگایانەی دڵخۆشم پێی کە ناوی گەلەکەمی پێ بەرزبێتەوە".

چنگیانی گوتیشی: "من بۆ خۆم نازانم ئەو مەسیجانە بەکاربهێنم، ئەگەرنا دڵنیابن ئەگەر بزانم خزمەت بە دۆزی گەلەکەم دەکات دەینێرم، تەنانەت بۆ دەنگدان پێویست بکات بڕۆم بۆ بەیروت، لە سەر حسابی تایبەتی خۆم بەشداری لە بەرنامەکەدا بکەم دەڕۆم."