ئەمەل سەعید کوردە لە زانکۆیەکی لەندەن بڕوانامەی لە میوزیکدا بەدەستهێنا

رووداو - لەندەن

ئەمەل سەعید کوردە، خانمە گۆرانیبێژی باشووری کوردستان بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆیەکی لەندەنی بەریتانیا بەدەستهێنا. نامەی بەکالۆریۆسەکەی لەبارەی میوزیک و گۆرانی کوردییە، هەوڵیداوە لە وانەکانی زانکۆکەدا میوزیکی کوردی ببێتە وانەیەک.

ئەمەل سەعید کوردە کە بە گۆرانی "سنوور ئارامبە" نێوبانگی دەرکرد، لە کەرکووک لەدایکبووە. ساڵانێکە لە لەندەن دەژی، بەڵام لەژیانی تاراوگەدا زۆرتر بە خوێندنی زانکۆوە سەرقاڵبووە نەک هونەر.

لە نامەی بەکالۆریۆسەکەیدا، ئەمەل باسی میوزیکی جاز و تێکەڵکردنی ستایلی "جاز، بلوز و ئاڕ ئاند بی" کردووە. هەوڵیداوە لە وانەکانی زانکۆکەیدا، میوزیکی کوردی ببێتە وانەیەک. ئێستاش لە بەردەم لیژنەیەک هەڵسەنگاندندا توانای خۆی دەبینێتەوە.

ڤۆتلانە سەلیڤا، مامۆستای زانکۆکە دەڵێت "ئەمەل زۆر لە ئێمەی بە کولتووری کورد ئاشناکرد و زۆر باش تێکەڵی میوزیکی جازی کرد، ئەمە شتێکی تازە بوو بۆ ئێمە، ئەمڕۆ زۆر سەرنجڕاکێش بوو".