'سێ گێلەکە' فیلمێکی کۆمێدی کوردییە و جەژن لە سینەما پێشاندەدرێت


رووداو دیجیتاڵ

"سێ گێلەکە" فیلمێکی کۆمێدی 85 خولەکییە و لەلایەن ناوەندی سینەمای هەولێر بەرهەمهێنراوە، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان و رۆژانی دواتر، لە سینەمای هەولێر لە رۆیاڵ مۆڵ پێشاندەدرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی ناوەندی سینەمای هەولێر کە بۆ رووداو نێردراوە، تێیدا هاتووە: "سێ گێلەکە" باس لە سێ کەس دەکات کە کاری بارهەڵگری و کرێ دەکەن، رۆژێکیان ئەو بارەی بە کرێ هەڵیان گرتووە بۆ ئەوەی بیگەیێنە شوێنی مەبەست، رێگە ون دەکەن. خاوەن بارەکە یەکێ لەو سێ کەسە  بە بارمتە دەگرێ و بڕیاری داوە تا گەڕاندنەوەی بارەکە ئازادی نەکات. 
 
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە: "فیلمەکە کۆمەڵێک دیمەنی کۆمێدی و چاوەڕواننەکراو دەخولقێنی کە لە فیلم و سینەمای کۆمێدی کوردی هاوشێوەی نەبووە. ئەگەر لە فیلمە کۆمێدییەکانی کوردی گفتوگۆ و گێڕانەوەی نووکتە ببێتە هۆی پێکەنین، لەم فیلمەدا بارودۆخ و ئەو هەڵومەرجەی "سێ گێلەکە" تووشی دەبن؛ مایەی پێکەنینن". 
 
هەر لە راگەیێندراوەکەی ناوەندی سینەما هەولێردا هاتووە: "بەرهەمهێنەرانی  فیلمەکە لە کاتی مۆنتاژ و ئامادەکاری فیلمەکە ناچار بوون بەشێک لە دیمەنەکان کورت بکەنەوە یا خود لایان بدەن، لە بەر ئەوەی ترسی ئەوە هەبوو بینەر توانای پێکەنینی بەردەوامی و بێپچڕانی یەک کاژێر و نیوی نەبێت". 
 
سینەما هەولێر کە بەشێکی ناوەندی سینەمایی هەولێرە، لە 2023 دامەزرا و لە سێ بواری بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی درامی و بەڵگەفیلم ، نمایشی فیلمی کوردی و بیانی هونەری و هەروەها فێرکردن و پەروەردەکردنی نەوەی داهاتووی سینەماکاری کورد کار دەکات. 
 
لە راگەیێندراوەکە ئاماژە بۆ ئەوەکراوە: ئەو ناوەندە سینەمایی ساڵی 2024 فیلمی "نووقتەی 40"ـی بەرهەمهێنا و بە گوتەی بەرهەمهێنەرانی، توانی جەماوەری هەولێر بگەڕێنێتەوە سینەما و "70% ئەو هەزاران بینەرانەی هاتن و فیلمەکەیان لە سینەما بینی، جاری یەکەمیان بوو سەردانی سینەمایان بکەن".
 
ناوەندەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە: "دامەزراندنی سینەما هەولێر و بەرهەمهێنانی فیلمی "نووقتەی چل" لە کاتێک دابوو کە ماوەی حەوت ساڵ بوو لە هەولێر هیچ فیلمێکی درێژی بەرهەم نەهاتبوو، بەڵام دوای ئەم خاڵە وەرچەرخانە تەلیسمەکە شکا و خۆشبەختانە ئێستا چەندین پڕۆژەی فیلم بەرهەمهاتووە و پڕۆژەی دیکەش لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان دان. سینەما هەولێر لە ماوەی دوو ساڵ کارکردنی بینەری تایبەت بە خۆی و فیلمی کوردی پێگەیاندووە، بە بەردەوامی سەردانی سینەما هەولێر دەکەن و چاوەڕوانی بەرهەمی کوردی نوێنە، بۆیە ناوەندی سینەما هەولێر گرووپێکی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی پێکهێناوە کە لە دوای ئامادەبوونی فیلمێک دەست بە پڕۆسەی فیلمێکی نوێ دەکات. بۆردێکی سیناریۆنووسانی پڕۆفیشناڵی هەیە کە لە دەرەوە و ناوەوە کار بۆ نووسینی سیناریۆی پڕۆژەکانی داهاتوو دەکەن". 
 
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە: "ناوەندەکە کار بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری سینەما و فیلمی هونەری، نەتەوەیی و مرۆیی دەکات کە بە شێوەیەکی ئەرێنی  کاریگەر بێت لە سەر کۆمەڵگە و تاکی کورد لە ژێر تەوژم و فشاری کولتووری بێگانە دەربهێنێت، بڕوا بە خۆبوونی  بۆ دروست بکات و رێزی زمان و فەرهەنگی کوردی لای تاکی کورد بەرزتر بکاتەوە، بۆیەش هەر لە یەکەم هەنگاو و هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە نمایشی هەموو فیلمە بیانەکانی راگرت بە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی دابەشکردنی فیلم کە زۆربەیان لە لوبنانن ئامادە نەبوون فیلمە ئەمریکی و عەرەبیەکان بە ژێرنووسی کوردی بۆ کوردستان بنێرن. هەر چەند لە رووی بە بازاڕکردن و داهات، ئەمە بە زەرەری ناوەندی سینەمایی هەولێر بوو، بەڵام ئەم هەڵوێستە وای کرد کە سینەما هەولێر ببێتە ناوەندی نمایشی فیلمی کوردی و دەرگەی بۆ هەموو فیلمسازان و بەرهەمهێنەرانی سینەمای کوردی بکاتەوە کە فیلمەکانیان لەم سینەما بخەنە بەر دیدی ئەو هەزاران بینەرەی کە بینەری سینەما هەولێرن. ناوەندی سینەمای هەولێر لەگەڵ رێکخراو و دەزگە هونەرییەکانی ئەورووپا کار دەکات بۆ نمایشی سینەمای ئەورووپی بە ژێرنووسی کوردی. بەم زووانە یەکەم هەفتەی نمایشی فیلمی ئەورووپی بە ژێرنووسی کوردی لە سینەما هەولێر رادەگەیێنرێ. قسەیەکی جوان هەیە کە دەڵێ منداڵەکانتان لە داهاتوو دەبنە موڵکی ئەو نەتەوانەی کە بە زمانی ئەوان فیلم دەبینن. با بە کوردی فیلم ببینین، با فیلمی کوردی بەرهەم بهێنین".