بە فیلمێکی پاولۆ سۆرینتینۆ فێستیڤاڵی ڤێنیس دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس رایگەیاند، فیلمی "La Grazia"، نوێترین بەرهەمی پاولۆ سۆرینتینۆ، دەرهێنەری ئیتاڵی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار، وەک فیلمی دەستپێکی 82ـەمین فێستیڤاڵەکە دیاریکردووە، کە بڕیارە لە 27ـی ئاب تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 2025 بەڕێوەبچێت.
فیلمەکە لە پێشبڕکێی سەرەکییدا و لە 27ـی ئاب لە دوورگەی لیدۆ لە ڤێنس پێشاندەدرێت؛ ئەمەش کەم جار روودەدات، فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵ لە بەشی پێشبڕکێدا بێت.
ئالبێرتۆ باربێرا، بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵەکە، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە دیارییکردنی فیلمەکە بۆ کردنەوەی فێستیڤاڵ و گوتی: "شانازییەکی گەورەیە فیلمە نوێ و چاوەڕوانکراوەکەی سۆرینتینۆ دەبێتە بەرهەمی کردنەوەی ئەم خولە".
هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی قووڵی نێوان دەرهێنەر و فێستیڤاڵەکە کرد، کە لە 2001ـەوە بە یەکەم فیلمی "L’Uomo in più" دەستیپێکرد، دواتر بە فیلمی "Era la mono Di Dio" لە 2021 خەڵاتی شێری زیوینی بەدەستهێنا.
پاولۆ سۆرینتینۆ، لە 1970 لە ناپۆلیی ئیتاڵیا لەدایکبووە، یەکێکە لە دیارتراین دەرهێنەرانی ئیتاڵیا لەسەر ئاستی جیهان. دوای سەرکەوتنی فیلمی "Il Divo" لە فێستیڤاڵی کان کە خەڵاتی لیژنەی دادوەریی بەدەستهێنا، دواتر بە فیلمی "La grande bellezza" لە 2013؛ خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین فیلمی بیانی بەدەستهێنا.
سۆرینتینۆ، لە 2021 فیلمی "È stata la mano di Dio" بەرهەمهێنا، گەڕانەوەیەک بوو بۆ ناپۆلیی زێدی خۆی، کە فیلمێکی ژیاننامەیی و کاریگەر بوو و چەندین خەڵاتی گرنگی بەدەستهێنا.
ڤێنس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.