ئادەم ساندلەر نهێنیی بەشداریی ئێمینێمی لە 'Happy Gilmore 2' ئاشکرا کرد
رووداو دیجیتاڵ
ئادەم ساندلەر، ئەکتەری کۆمیدیی ئەمریکی، وردەکاریی چۆنیەتیی رازیکردنی ئێمینێم، راپەری جیهانی، بۆ دەرکەوتنێکی تایبەت لە بەشی دووەمی فیلمە چاوەڕوانکراوەکەی "Happy Gilmore 2" ئاشکرا کرد.
لە هەڤپەیڤینێکدا ساندلەر ئاشکرای کرد، پرۆسەکە "سادەتر بووە لەوەی چاوەڕوان دەکرا".
ساندلەر گوتی: "من بەردەوام یەکێک بووم لە گەورەترین هەوادارانی ئێمینێم. بیرم کردەوە بوونی ئەو لە فیلمەکەدا شتێکی نایاب دەبێت. بۆیە بە تایبەتی پەیوەندیم پێوە کرد و بیرۆکەکەم بۆ باسکرد".
بە گوێرەی قسەکانی ساندلەر، ئێمینێم پێشوازییەکی گەرمی لە بیرۆکەکە کردووە و ئاشکرای کردووە، خۆیشی هەوادارێکی گەورەی فیلمی یەکەمی "Happy Gilmore" بووە کە لە 1996 پێشاندرا.
دەرکەوتنی ئێمینێم لە فیلمێکی سینەماییدا، بەتایبەت لە فیلمێکی کۆمیدیدا، بەهۆی کەمیی دەرکەوتنەکانییەوە لەم بوارەدا، بە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراو دادەنرێت و بووەتە جێی باسی گەرمی هەوادارانی هەردوو هونەرمەند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
"Happy Gilmore 2" بە یەکێک لە پڕچاوەڕوانترین فیلمەکانی ساڵ دادەنرێت و چاوەڕوان دەکرێت ئەم بەشدارییە تایبەتەی ئێمینێم؛ سەرکەوتنی فیلمەکە زیاتر بکات.