ئەیوب عەلی و گارا سازکار گۆرانی بۆ ئاڵای کوردستان دەڵێن


رووداو دیجیتاڵ

هەردوو هونەرمەند ئەیوب عەلی و گارا سازکار، دوای بەرهەمی سەرکەوتووی (کوردم)، جارێکی دیکە لە بەرهەمێکی نوێی هاوبەشدا کۆدەبنەوە کە تایبەتە بە ئاڵای کوردستان. بڕیارە ئەم بەرهەمە نوێیە لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا بڵاوبکرێتەوە.
 
ئەیوب عەلی بە رووداوی راگەیاند: "بەرهەمە نوێیەکە بە هەردوو زاراوەی سۆرانی و کورمانجییە، لە تێکست و ئاواز و میوزیکی خۆیەتی، تێکستە کورمانجییەکەی لەلایەن گارا سازکارەوە نووسراوە".
 
ئەمە دەبێتە سێیەم کاری هاوبەشی ئەو دوو هونەرمەندە لە دوای بەرهەمی (کوردم) و بەرهەمی (نارین).
 
ئەیوب عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کاری میوزیکیی ئەم بەرهەمە لە ستۆدیۆکانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و باکووری کوردستان تۆمارکراون. کاری وێنەگرتنی ڤیدیۆکلیپەکەش لە وڵاتی ئەڵمانیا و کوردستان دەکرێت و سیپان فازڵ دەرهێنەریەتی.
 
رۆژی ئاڵای کوردستان، دەکەوێتە 17ـی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک. بە بریاری ژمارە (48) له رێککەوتی 19ـی حوزەیرانی 2004 ئەو بڕیارە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان دەرچوو. لە 1999ـەوە بە بڕیارێک لە پەرلەمانی كوردستان، ئاڵای ئێستای هەرێمی کوردستان؛ وەک ئاڵای فەرمی ناسێندرا.