خەڵاتی یڵماز گونەی بە فیلمی 'ژان' بەخشرا
رووداو دیجیتاڵ
لە 14یەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن، خەڵاتی یڵماز گونەی وەک باشترین کورتە فیلم، بە فیلمی "ژان" بەخشرا.
فێستیڤاڵەکە لە 25ـی نیسان تاوەکو 3ـی ئایاری 2025 لە لەندەنی بەریتانیا، بە بەشداری هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان و فیلمسازانی دیاسپۆرا بەڕێوەچوو.
فیلمەکە لە نووسینی لەیلا باغ پیرا و لە دەرهێنانی بورهان ئەحمەدی و لەیلا باغ پیرایە، رۆژی شەممە 3ـی ئایاری 2025، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو و باشترین دەنگی لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا، جگە لەو دوو بەشە، بەربژێری خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین سیناریۆ و باشترین ئەکتەری ژن بوو.
بورهان مەفاخیری، بە رووداوی راگەیاند، لە دوای بەدەستهێنانی دوو خەڵات لە فێستیڤاڵی فیلمی رەشت لە ئێران، رێکخەرانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن ئاگاداریان کردوونەتەوە کە براوەی خەڵاتەکەن.
لەم بەرهەمەدا جگە لە ماهیر حەسەن، مائێدە فەزلی، شیما مەلایی، ئەفشین خدری، نیشتمان رەسووڵ نژاد و ئەکرەم محەممەدی بەشدارن.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە رووداوێکی دەکات کە چەند مانگ لەمەوپێش روویداوە و دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر کچێکی سێزدە ساڵانی بیرکۆڵ، دایک و باوکی تازە پێیان زانیوە، هەوڵدەدەن لەنێوی ببەن، بەڵام چارەنووسیان شتێکی دیکەیە.
"ژان" لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەگیراوە، پێشتر لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەشداربووە و لە شارە و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان پێشاندراوە، بەتایبەتیش لە سلێمانی کە 35 رۆژ پێشاندانی بەردەوام بووە.