ماڵی میوزیکیی زەهاوی کۆنسێرتەکانی دەگەڕێنێتەوە سەر قەڵای هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە چوارەمین ساڵیدا درێژە بە کۆنسێرتەکانی دەدات و ئەمساڵ کۆنسێرتەکان دەگەڕێنێتەوە سەر قەڵای هەولێر. لە یەکەم کۆنسێرتی 2025ـدا، گرووپێکی گەنج لە سلێمانی و هونەرمەندێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار دەبن.
هەژار زەهاوی، هونەرمەند و بەرپرسی ماڵی میوزیکیی زەهاوی بە رووداوی راگەیاند، 31ـی ئەم مانگە، یەکەم کۆنسێرتی ماڵی میوزیکی زەهاوی لەسەر قەڵای هەولێر پێشکێش دەکەن و بڕیارە تەواوی کۆنسێرتەکانی ئەمساڵ لەسەر قەڵا بێت. کۆنسێرتەکە تایبەتە بە گرووپی سۆڵی فیوژن و خانمە هونەرمەند ئاسۆ، هەروەها خۆی وەکو دەرهێنەری هونەری کاری بۆ دەکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کۆنسێرتەکانی ئەمساڵ بۆ گرووپە گەنجەکانی چوار پارچەی کوردستانن و ئامانجیان زیاتر ناساندنی ئەو گرووپە و هونەرمەندە گەنجانەیە. گوتیشی، دوای ئەوەی 53 گرووپ پڕۆژەیان پێشکێش بە ماڵی میوزیکی زەهاوی کرد، 10 گرووپ هەڵبژێردراون و مانگانە دوو گرووپ پێکەوە کۆنسێرت سازدەکەن و تاوەکو تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
زەهاوی روونیکردەوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ماڵی میوزیکیی زەهاوی بۆ 2025 سوپرایزی دیکەشیان هەیە و لە کاتی خۆیدا رایدەگەیەنن.
هەژار زەهاوی، لە 4ـی تشرینی دووەمی 2021، بە کۆنسێرتێک کە هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستانی تێدا بەشداربوون، دامەزراندنی ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە هەولێر راگەیاند و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتی دارایی ئەو ماڵە دەکات و رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانیەتی.