کێلی ماک ئەکتەری زنجیرەی "The Walking Dead" کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
کێلی ماک، ئەکتەری ئەمریکی کە بە رۆڵبینینی لە زنجیرەی بەناوبانگی "The Walking Dead" و چەندین زنجیرەی تەلەفزیۆنی دیکە ناسراوە، لە تەمەنی ٣٣ ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی ماڵباتی ئەو ئەکتەرە کە شەوی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە، کێڵی ماک لە رۆژی ٢ـی ئاب لە زێدی خۆی لە شاری سینسیناتی لە ویلایەتی ئۆهایۆ، دوای ململانێیەک لەگەڵ نەخۆشی گلیۆما کە جۆرێکی دەگمەنی شێرپەنجەی مێشکە و تووشی سیستەمی دەماری ناوەندی دەبێت، گیانی لەدەستداوە.
هەواڵی کۆچی دواییەکەی لە رێگەی پەیامێکەوە لە لاپەڕەی فەرمی ئینستاگرامی خۆیدا لەلایەن خوشکەکەیەوە پشتڕاست کرایەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "بە خەمێکی قووڵەوە کۆچی دوایی کێلی ئازییزمان رادەگەیەنین. رووناکییەکی گەش و پڕ لە حەماسەت بەرەو جیهانی دیکە گوازرایەوە.
ماک لە وەرزی نۆیەمی زنجیرەی "The Walking Dead" دەرکەوت و رۆڵی کارەکتەری "ئادی"ـی دەبینی کە یەکێک بوو لە دانیشتووانی کۆمەڵگەی هیڵتاپ.
جگە لەم زنجیرەیە، لە چەندین کاری دیکەی تەلەفزیۆنیدا بەشداری کردووە، لەوانە "Chicago Med" و "9-1-1".
کێلی ماک لە مانگی کانونی دووەمی رابردوودا ئاشکرای کردبوو، تووشی جۆرێکی دەگمەنی شێرپەنجە بووە.
بڕیارە لە ١٦ـی ئابدا ریوڕەسمێک بۆ یادکردنەوەی لە ویلایەتی ئۆهایۆ بەڕێوەبچێت، هەروەها لە داهاتوودا ئاهەنگێکی دیکە بۆ رێزلێنان لە ژیانی لە لۆس ئەنجلۆس سازبکرێت، ئەو شارەی کە ماک ماوەی 11 ساڵی رابردووی ژیانی تێیدا بەسەر بردبوو.