دڵشاد سەعید دوو گۆرانی بۆ پێشمەرگە و شنگال تۆماردەكات

رووداو- هەولێر

بۆ گوتنی دوو گۆرانی بۆ پێشمەرگە و شنگال، موزیكژەنی كورد د.دڵشاد محەممەد سەعید هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی كوردستان كۆدەكاتەوە.

د.دڵشاد بە (رووداو)ی گوت "دەمێكە سەرقاڵی ئەم پرۆژە گەورەیەم كە دوو گۆرانییە بۆ شنگال و پێشمەرگە و بەشێوازی كۆراڵی ئەكادیمی كارم بۆ كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی كوردستان بە سۆلۆ بەشدار دەبن".

دڵشاد ناوی هونەرمەندەكانی ئاشكرا كرد و رایگەیاند "شڤان پەروەر، حەسەن شەریف، جەمشید، هانی، خێرۆ عەباس، شەهریبانا كوردی، ناسر رەزازی، دیار دێرسم، محەممەد تەها ئاكرەیی، ئەیوب عەلی بەشدارن لەم دوو كارەی من بەشێوەی سۆلۆ كە بەشێكیان كاری دەنگیان تەواو بووە، ئەوانی دیكەش بەرەو كۆتایین".

دڵشاد دەشڵێت "لە بەرنامەمدایە چالاكییەك لەگەڵ سیمفۆنیای لەندەن بەڕێوەبەرین كە لەگەڵ هونەرمەندانی كوردستان لە شاری لەندەن جێبەجێی دەكەین".